سەردێڕ:

ترەمپ بۆ خۆپیشاندەران: دزیی دەستپێبکات تەقەی هێزەکانمان دەستپێدەکات

فۆتۆ: 
2020-05-29

8306 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئەو ناتوانێت هەروا دانیشێت و تەماشای ئاڵۆزیی و تێکچوونی شاری مینەپۆلیس بکات. روو بە پارێزگاری شارەکەش دەڵێت، "یان بارودۆخەکە کۆنترۆڵ بکە یان هێزەکانی گاردی نیشتیمانی دەنێرم."

ئەمڕۆ، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی ئەو گرژییانەی بەهۆی کوشتنی پیاوێکی رەشپێست لە شاری مینەپۆلیسی ویلایەتی مینەسۆتاوە روودەدەن، رایگەیاند، "ئەگەر پارێزگارە لاوازە دیموکراتەکەی مینەسۆتا بارودۆخەکە کۆنترۆڵ نەکات، ئەوا هێزەکانی گاردی نیشتیمانی دەنێرم و ئەوان بارودۆخەکە کۆنترۆڵ دەکەن."

دەشڵێت، ئەگەر لەلایەن ئەو کەسانەی خۆپیشاندان دەکەن، دزیی دەستپێبکات، ئەوا تەقەکردنی هێزەکانیش دەستپێدەکات.

دۆناڵد ترەمپ، لە بەرامبەر ئەو کەسانەی لە کاردانەوەی کوشتنی کەسە رەشپێستەکەدا باڵەخانەی دوکان و بازاڕەکان لە شاری مینەپۆلیس دەسوتێنن، راشیگەیاند، "ئەو دز و جەردانە، بێرێزی بە یادی جۆرج فلۆید (رەشپێستە کوژراوەکە) دەکەن."

دوو رۆژە لەسەریەک، هاوڵاتیانی شاری مینەپۆلیس دەڕژێنە سەرشەقامەکان و ئیدانەی کوشتنی جۆرج فلۆید دەکەن کە لەلایەن پۆلیسێکی شارەکەوە کوژرا.

خۆپیشاندەران پێکدێن لە هەردوو خەڵکانی رەشپێست و سپیپێست و هەموویان پێکەوە داوای هێنانەدی دادپەروەریی لە کەیسەکەدا دەکەن.

لە چەند رۆژی رابردوودا، بەپێی گرتەڤیدیۆیەک، دوو پۆلیسی شاری مینەپۆلیس پیاوێکی رەشپێستیان دەستگیرکردووە و لەسەر دەم بە زەوییاندا داوە. ئەگەرچی پیاوە رەشپێستەکە هاواردەکات، کە ناتوانێت هەناسە بدات، بەڵام پۆلیسەکان پشتگوێی دەخەن و بەوەش، گیانیلەدەستدا.