سەردێڕ:

وردەکاریی بڕیارەکەی ترەمپ تایبەت بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

فۆتۆ: 
2020-05-29

8199 جار خوێندراوەتەوە

شەوی رابردوو، سەرۆکی ئەمریکا واژۆی لەسەر فەرمانێکی جێبەجێکاریی کرد کە تێیدا، پێداچوونەوە بە یاسای کارکردنی کۆمپانیاکانی بواری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەکرێت و بەوەش، دەیەوێت رێکاری یاسایی لە دژی کۆمپانیای تویتەر و هەر کۆمپانیایەکی دیکەی ئەو بوارە هەڵبگرێت.

میدیاکانی ئەمریکا وردەکاریی فەرمانە جێبەجێکارییەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەو وڵاتەیان بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە، کە پێویستە سانسۆرکردنی هەژماری هاوڵاتیان لەلایەن کۆمپانیاکانی بواری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بووەستێندرێت. هاوکات، هەر لە فەرمانە جێبەجێکارییەکەدا، وەکو "مافێکی پیرۆز" باس لە ئازادی رادەربڕن کراوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، لە فەرمانەکەی ترەمپدا جەختکراوەتەوە، کە نابێت کۆمپانیاکانی بواری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە ویستی خۆیان یاسا بۆ ئازادی رادەربڕینی تاکەکان دابنێن و هەر پۆستێکیان بە گونجاو نەزانی، ئەوا بەبێ پرسی خاوەنەکەی بیسڕنەوە.

هەر لە فەرمانەکەدا ئەوەش هاتووە، کە نابێت کۆمپانیاکانی وەکو یوتیوب، فەیسبووک، تویتەر و ئینستاگرام ئەو توانا گەورەیەیان پێبدرێت و بەو شێوەیەی کە خۆیان دەیانەوێت سنوور بۆ ئازادی رادەربڕینی تاکەکان دابنێن و کۆنترۆڵی ئەوەش بکەن کە خەڵکی تەماشای چیدەکەن و چیناکەن.

میدیاکانی ئەمریکا باسیان لەوەکردووە، کە ئەو فەرمانەی ترەمپ پشتی بە یاسای فیدراڵی چۆنێتی رەفتاری تۆڕەکانی پەیوەندی، بڕگەی ٢٣٠ بەستووە و دەبێت لە ماوەی ٦٠ رۆژی داهاتوودا لەلایەن فەرمانگە فیدراڵییەکانی پەیوەندیدار بە بابەتەکە هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت و دواتر پێشکەشی وەزارەتی پەیوەندیدار بکرێت بۆ گۆڕانکاری و دەرکردنی یاسای نوێ لەبارەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە.

ئەوەش دوای ئەوە هات، سێشەممەی رابردوو، لە دوو تویتی دۆناڵد ترەمپدا، کۆمپانیای تویتەر لینکی "چێککردنی راستی – بە مانایەکی دیکە؛ دڵنیابوونەوە لە راستی قسەکانی ترەمپ"ی دانا و ئەوەش، بووە هۆی توڕەبوونی سەرۆکی ئەمریکا و بڕیاریدا بە یاسای تۆڕەکانی پەیوەندیدا بچێتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، جاک دۆرسی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای تویتەر رایگەیاند، ئەوان جەخت لەسەر ئەو هەنگاوەیان دەکەنەوە و تەنیا بۆ سەرۆکی ئەمریکاش نییە، بەڵکو خزمەتگوزاریی "دڵنیابوونەوە لە راستی پۆستەکە" بە شێوەیەکی جیهانیی، دابیندەکەن.