سەردێڕ:

سەرۆکى نوێى پەرلەمانى ئێران کێیە؟

فۆتۆ: 
2020-05-28

2204 جار خوێندراوەتەوە

پەرلەمانى ئێران بەدەنگى ٢٣٠ پەرلەمانتار، محەمەد باقر قالیباف سەرکردەى پێشوو لە سوپاى پاسداران و یەکێک لە سیاسەتمەدارەکانى باڵى پارێزگارانى ئێرانى بە سەرۆکى پەرلەمان هەڵبژارد، بەرامبەر تەنها ٥٧ دەنگ بۆ رکابەرە سەرەکییەکەى (حەمید رەزا حاجى بابایى).

قالیباف-ى تەمەن ٥٨ ساڵ، شارەداری تاران بووە و بەوەش بووە جێگرەوەى عەلى لاریجانى کە لەساڵى ٢٠٠٨ەوە سەرۆکایەتى پەرلەمانى ئێران دەکات.

پێشتر گومانێکى زۆر هەبوو لەسەر دەرچوونى قالیباف بە سەرۆکى پەرلەمانى ئێران، بەهۆى باسکردن لە چەندین دۆسیەى گەندەڵى ناوبراو کاتێک شارەداری تاران بووە، بەشێوەیەک لە سەروبەندى بانگەشەکانى هەڵبژاردندا ناوى ناوبراو گرێدەدرا بە دۆسیەى بەهەدەردانى زیاتر لە پێنج ملیار دۆلار.

قالیباف پێشتر یەکێک بووە لە سەرکردەکانى سوپاى پاسداران و لەماوەى نێوان ١٩٩٩  تا ٢٠٠٥ سەرۆکى دەزگاى پۆلیس بووە. قالیباف لە دوو خولى هەڵبژاردنەکانى سەرۆکایەتیدا خۆى کاندید کرد و لە هیچیاندا دەرنەچوو، بەڵام ناچارکرا کە بۆ سێیەم خول خۆى کاندید نەکات لەبەر پەرتەوازەنەبوونى دەنگى پارێزگارەکان.

محەمەد باقر قالیباف، ساڵى ١٩٦١ لەشارى مەشهەد لەدایکبووە، پاش شۆڕشى ئیسلامى ئێران پەیوەندى کردووە بە سوپاى پاسدارانەوە، لە کاتى جەنگى عێراق ئێراندا کرایە فەرماندەى لیواى ئیمام رەزا.

ساڵى ١٩٩٤ بووە فەرماندەى گشتیى بارەگاى خاتم ئەلئەنبیا بۆ ئاوەدانکردووە، کە بەیەکێک لەباڵە ئابورییەکانى سوپاى پاسداران هەژماردەکرێت، پاشان لە ساڵى ١٩٩٧ بە فەرمانبەرى رابەرى باڵاى شۆڕشى ئیسلامى ئایەتوڵا خامنەیى کرایە فەرماندەى هێزە ئاسمانییەکانى سوپاى پاسداران.

پەیوەندیەکانى قالیباف لەگەڵ خامنەیى رێگەى بۆ خۆشکرد کە لەساڵى ١٩٩٩دا ببێتە فەرماندەى گشتیى هێزەکانى پۆلیس، سەردەمى فەرماندەیى ئەویش لەپۆلیسدا بە سەردەمى دەستگیرکردن و راگرتنى بەکۆمەڵى چالاکوانان و رۆشنبیرو رۆژنامەنوس و هونەرمەندان دادەنرێت.