سەردێڕ:

هاتوچۆی سلێمانی: لە نزیکترین کاتدا کامێرا جێگیر و گەڕۆکەکان دەخەینەوەکار

فۆتۆ: 
2020-05-28

5655 جار خوێندراوەتەوە

به‌ڕێوه‌به‌ری هاتوچۆ سلێمانی رایگەیاند، لەپێناو رێگریکردن لە رووداوەکانی هاتوچۆ لە نزیکترین کاتدا کامێرا جێگیر و گەڕۆکەکان دەخەنەوەکار.

فه‌ره‌یدون عومه‌ر، به‌ڕێوه‌به‌ری هاتوچۆی سلێمانی راگه‌یاند، "پێش هاتنی كۆرۆنا به‌نیازبوین كامێرا‌ جێگیره‌كان بخەینه‌وه‌كار، به‌ڵام به‌هۆی ڕاگرتنی ده‌وامه‌وه‌ ئه‌و كاره‌مان خسته‌ دوای جه‌ژن و ئێستا له‌ هه‌وڵداین ڕه‌زامه‌ندی وه‌ربگرین‌ و له ‌داهاتویه‌كی نزیكدا ده‌یخه‌ینه‌وه‌كار."

لە بارەی هەبوونی کێشەی کارەبا لە کامێرا جێگیرەکاندا ئاماژەی بەوەکرد، "سه‌رجه‌م كامێرا‌ جێگیره‌كان كه‌ ژماره‌یان ٢١ کامێرایە، ڕاسته‌وخۆ كاره‌بایان به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به ‌كاره‌بای نیشتیمانی‌."

دەشڵێت، "ڕاسته‌ سیستمه‌كه‌ كۆنه ‌و ده‌بێت ڕۆژانه‌ كارمه‌ندانی هاتوچۆ داتای كامێره‌كان بە ئامێرێكی گوازه‌ره‌وه‌ی ئه‌لیكترۆنی بگه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ، به‌ڵام چاره‌سه‌ری ئه‌و گرفته‌ش هه‌یه‌، ده‌توانرێت له ‌ڕێگه‌ی فایبه‌ر ئۆپتیكه‌وه‌ سه‌رجه‌م داتا و زانیارییه‌كان ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ستبكرێت به ‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆوه."

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، بەرپرسی کامێراکانى چاودێریی هاتوچۆى سلێمانى دەڵێت، "ئەم سیستمە نوێیە هەموو جۆرە ژمارەیەک تۆماردەکات، سەرپێچى ژمارەى هەولێر و دهۆک بە ئیمەیڵ بۆیان دەنێرین، بۆ ناوەڕاست و خوارووى عێراقیش ئەرشیفی دەکەین، بۆ ژمارەکانیش لە لامان دەمێنێتەوە، تا کاتی ژمارە بەستن."

ئەوەش لەکاتێکدایە، هاوڵاتیان نیگەرانن لە لێکەوتەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و دۆخی گوزەرانیشیان لە ئاستێکی باشدا نابینن. چالاککردنەوەی کامێرا جێگیرەکانی سەرشەقامەکان رەنگە بارگرانی بۆ هاوڵاتیان و شۆفێران بە تایبەتی دروستبکات.