سەردێڕ:

رۆیتەرز: ئێران لە دوای کوژرانی سولەیمانیەوە ستراتیژی خۆی لە عێراقدا گۆڕیوە

فۆتۆ: 
2020-05-28

12151 جار خوێندراوەتەوە

ئاژانسی رۆیتەرز رایگەیاندووە، دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی لەنزیک فڕۆکەخانەی بەغدا، ئێران لە هەوڵی دیبلۆماسی نهێنیدایە بۆ گۆڕینی سیاسەتی خۆی بەرامبەر عێراق.

بەرپرسانی ئێران بە ئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاندووە، ئامانج لەو بەرنامە نوێیە شکاندنی سستی سیاسیە لە بەغدا، هاوکات هەوڵێکە بۆ دەرکردنی نزیکەی پێنج هەزار سەربازی ئەمریکی لە خاکی عێراق.

یەکێک لە بەرپرسە پلەدارەکانی ئێران کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا ببێت، وتوێتی، "ئێمە دەمانەوێت ئەمریکییەکان ناوچەکە چۆڵبکەن، چونکە ئەگەر پشێویەک لە عێراقدا هەبێت، دەستبەجێ وەکو هەلی مانەوەیان لەو خاکەدا دەیقۆزنەوە."

لەدوای ساڵانێکی زۆر و بۆ یەکەمجار، بەرپرسانی ئێران لەگەڵ بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق، بەمەبەستی دروستکردنی متمانە، گفتوگۆی جدیان کردووە، هاوکات فشاریان خستووەتە سەر هاوپەیمانەکانیان لەناو عێراق بۆ کۆتاییهێنان بەو سستیانەی دوچاری حکومەتی نوێی عێراق بووەتەوە.

هەندێک سەرچاوەی عێراقیش ئاماژەیان بەوەکردووە، ئەو بەرپرسە ئێرانیانەی کە سەردانی عێراق دەکەن، پەیوەندیان لەگەڵ سوپای پاسدارانی ئێراندا هەیە و ئەزمونێکی زۆریشیان لە کاروباری تایبەت بە عێراقدا هەیە.

لە مانگی ئازاری رابردوودا، عەلی شێمخانی سکرتێری ئەنجومەنی پاراستنی نیشتیمانی ئێران لە سەردانێکی فەرمیدا بۆ کۆشکی سەرۆکایەتی لە عێراق چاوی بە بەرهەم ساڵح کەوت.

بە وتەی یەکێکی دیکە لە بەرپرسان، لەدوای ئەو سەردانەی شێمخانی، دۆخەکە سەقامگیرتر بووە و ئێران ئامادەیی خۆی بۆ کارکردن دەربڕیوە، ئەمەش دوای ئەو رێزە دێت کە لەبەرامبەر سەرکردایەتی نواندیان، هاوکات رێگەیان بە عێراق دا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی حکومەت.

چەکدارێکی نزیک لە رێکخراوی بەدریش رایگەیاندووە، پەیامی شاندەکەی ئێران ئاشکرابوو.. کازمی تاکە هەڵبژاردەی عێراقە بۆ پاراستنی سەقامگیری وڵاتەکە.

بەرپرسێکی بیانیش ئاماژەی بەوەکرد، لە ئێستادا تاران دەیەوێت ئاستی دوودڵی سەربازی لەگەڵ ئەمریکا کەمبکاتەوە بەڵام هێشتا هیچ بەڵگەنامەیەک نییە بۆ بەرپابوونی سەقامگیری بەرفراوان لە ناوچەکەدا.

دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا، ئێران ژمارەیەک هێرشی موشەکی کردە سەر بنکە و بارەگاکانی ئەمریکا.