سەردێڕ:

هەرێم.. بڕیارەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا کاردانەوەی لێکەوتەوە

فۆتۆ: 
2020-05-28

22485 جار خوێندراوەتەوە

 بڕیاڕەکانی وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵای حکومەتی هەرێم بۆ دەستپێنەکردنەوەی دەوام و هەژمارکردنی نمرەی وەرزی یەکەم بۆ خوێندکارانی قۆناغەکانی بنەڕەتی و ئامادەیی و زانکۆ و پەیمانگاکان، لەلایەن زۆرێک لە خوێندکارانەوە پێشوازی لێکرا بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەڕەخنە و گومانی پشتی بڕیارەکان بەدەرنەبوو لەلایەن پسپۆرانی بواری پەروەردە و نوسەرانەوە و تەنانەت بەشێک لە خوێندکاران.

زۆرێک لە خوێندکاران لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بە شان و باڵی وەزیرەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵادا هەڵدەدەن بەهۆی بڕیارەکانیانەوە، بەشێکیش لە خوێندکاران بە تایبەتی لە زانکۆ و پەیمانگاکان کە بەنیازی بەدەستهێنانی نمرەی بەرزبوون پێیان وایە کە بڕیارەکە روحی کێبڕکێی کوشت لەنێو خوێندکاراندا.

بەشێکیش لە نوسەران و هاوڵاتیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنوسن کە بڕیارەکانی وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا سەلماندی کە خوێندن لە هەرێمی کوردستان لەپێناو زانست و فێربووندا نییە بەڵکو تەنها لەپێناو بەدەستهێنانی بڕوانامەدایە.

چەند هاوڵاتییەکیش باس لە قۆناغی ١ى بنەڕەتی دەکەن، کە بەپێی بڕیارەکان قۆناغەکانی ١ تا ٣ی بنەڕەتی بەدەرچووئەژماردەکرێن، دەپرسن چۆن قوتابییەکی پۆلی یەکی بنەڕەتی کە هێشتا نیوەی پیتەکانی زمانی کوردی فێرنەبووە بچێتە قۆناغی دوو.

ئەوانەی رەخنەش دەگرن، هیچ بەدیلێکیان نەخستووەتە ڕوو، کە ئایا باشتربوو حکومەت دەوام دەستپێبکاتەوە یان خوێندن بکات بە ئۆنلاین یان چ کارێک بکات!

پێشتر لەگەڵ بونی دەنگۆی خوێندنی ئۆنلاین بەشێک لە خوێندکاران هەڕەشەی مانگرتنیان کرد، دواتریش لە بونی دەنگۆی دەستپێکردنەوەی دەوام یان ئەنجامدانی تاقیکردنەوە بەشێک لە مامۆستایان هەڕەشەی مانگرتنیان کرد گەر موچەکانیان لەکاتی خۆیدا پێنەدرێت.

هەروەها ترس لە خۆپیشاندانیش بەهۆی ناڕازیی بوون لەهەر بڕیارێکی تر، بەلای بەشێک خوێندکاران و مامۆستایانەوە یەکێکی ترە لەپاڵنەری بڕیارەکان.

دڵشاد عەبدولرەحمان وەزیری پێشووتری پەروەردە لەحکومەتی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک نوسیویەتی وەزارەتی خوێندی باڵا بە بڕیارەکەی، گڵۆپی سەوزی بۆ بڕینی دەرماڵەی خزمەتی زانکۆیی بۆ حکومەت دەرکرد.بە واتایەکی تر ئەمە دەرفەتیکە بۆ ئەوەی حکومەت دەرماڵەی مامۆستایانی زانکۆ و پەیمانگا و خوێندنگەکان ببڕێت،بەو پێیەی کە ئەوانە دەوام ناکەن.

جیاواز لەهەرێمی کوردستان لە وڵاتانی ئەوروپا هەرچەندە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکە بەڕێژەیەکی زۆر تیایدا بڵاوبوەوە، بەڵام بەهۆی بونی ژێرخانێکی بەهێزەوە بەماوەی ٢٤ کاتژمێردا خوێندنی زانکۆکان سەرجەمیان بوون بە ئۆنلاین و هەموو پێداویستییەکیش بەردەست بوو. بۆ قۆناغەکانی ١ تا ١٢ بەپێی وڵاتەکان جیاوازبوون، بەشێکیان بوون بە ئۆنلاین و بەشێکیان بۆ ماوەیەک خوێندن ڕاگیرا و دەستیپێکردەوەو بەشێکیشیان وەک نمونەی وڵاتی سوید خوێندنی بنەڕەتی نەوەستاند و بەردەوامبوو.

ریزبەندی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان لە ریزبەندی زانکۆکانی جیهاندا لەریزبەندییەکانی پێنج هەزار و شەش هەزار و دە هەزاردایە، کە هەندێک لە زانکۆکانی وڵاتانی جیهانی سێهەم لەپێش زانکۆکانی هەرێمی کوردستانەوەیە.

لە ئێستاشدا سەدان هەزار دەرچووی زانکۆکانی هەرێمی کوردستانیش بێکارن و بەدوای کاردا دەگەڕێن، یان ناچارن لەکار و پیشەیەکی تر کاربکەن کە پەیوەندی بەخوێندن و بڕوانامەکەیانەوە نییە! هۆکاری هەموو ئەمانەش نەبونی پلان و ستراتیژی کارکردنی کابینەکانی حکومەتی هەرێمە لە ٢٩ ساڵی ڕابردوودا.