سەردێڕ:

شاندی حكومەتی هەرێم سەردانی بەغدا دەكات

فۆتۆ: 
2020-05-27

11530 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری پەیوەندییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا ڕایگەیاند، "بڕیارە شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكات، بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەبارەی كۆی كێشەكانی نێوانیانەوە بكەن و چارەسەریان بۆ بدۆزنەوە".

بەختیار حاجی، ئەندامی شاندی حكومەتی هەرێم و بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەكانی نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا بە ماڵپەڕی فەرمى پارتی ڕاگەیاند، "هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق رەزامەندییان نیشانداوە كە كێشەكانی نێوانیان چارەسەر بكەن، " دەشڵێت، "دوای پشوی جەژن شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا دەكات و ئەو كێشانەی هەن، چارەسەر دەكرێن".

وتیشی، "تەنها گفتوگۆ لەبارەی بودجە و مووچەوە ناكرێت، بەڵكو باسی كۆی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا دەكرێت، بۆ ئەوەی هەمووان چارەسەر بكەن و لەسەرییان بگەنە رێككەوتن".

دەشڵێت، "حكومەت ڕەزامەندیی نیشانداوە دوای جەژن ٤٠٠ ملیار دینارەكەی دیاریكردووە، بۆ هەرێمی كوردستان ڕەوانەی دەكات و بۆ چارەكردنی كێشەكانی دیكەش گفتوگۆ دەكەن".

بەهۆی رادەستنەکردنی ئەو بڕە نەوتەی هەرێم بە بەغدا کە لە کۆتایی ساڵی رابڕدوودا لەسەری رێککەوتبوون، حکومەتی عێراق ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی راگرتووە، لە چەند ڕۆژی رابڕدووشدا دوو شاندی هەرێم بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسە سەردانی بەغدای کرد و تاوەکو ئێستا هیچ رێککەوتنێک نەکراوە.