سەردێڕ:

هیندستان.. کۆترێک بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ پاکستان دەستبەسەرکرا

فۆتۆ: 
2020-05-27

6023 جار خوێندراوەتەوە

پۆلیسی هیندستان لە ناوچەی کشمیر کۆترێکی دەستبەسەرکردووە، کە گومانی ئەوەی لێدەکرێت لە کاری سیخوڕی بۆ پاکستان بەکارهێنرابێت.

میدیاکانی هیندستان بڵاویانکردووەتەوە، ئەو کۆترە کۆدێک بە قاچیەوە بووە و لە ئێستادا تیمە هەواڵگریەکان سەرقاڵی کردنەوەی ئەو کۆدەن.

لە بەرامبەردا، خاوەنی کۆترەکە کە دانیشتووی گوندێکی پاکستانە لە نزیک سنوری ئەو وڵاتە و هیندستان رایگەیاندووە، بۆ جەژنی رەمەزان کۆترەکانی هەڵفڕاندووە، بەڵام کۆترەکە لە گوندێکی دیوی هیندستان نیشتووەتەوە و گوندنشینان رادەستی پۆلیسی ئەو وڵاتەیان کردووە.

هاوکات، ئەو هاولاتیە پاکستانیە داوای لە پۆلیسی هیندستان کردووە کۆترەکەی بۆ بگێڕنەوە و رونیشیکردۆتەوە، ئەو ژمارەیەی بە قاچی کۆترەکەوە بووە، ژمارەی تەلەفونی خۆیەتی و هیچ کۆدێکی نهێنی نییە.

بەهۆی ناکۆکی مێژوویی نیوان پاکستان و هیندستان کە زیاتر لە ٧٠ ساڵە بەردەوامن، سنوری نێوان ئەو دوو وڵاتە لە ژێر چاودێری چڕی هێزە ئەمنیەکانی هەردوولادان.