سەردێڕ:

وەزارەتی تەندروستیی هەرێم: گوندێك كەرەنتینە كرا

فۆتۆ: 
2020-05-26

8527 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی تەندروستیی هەرێم ڕایگەیاند، بە مەبەستی وەرگرتنی ژمارەیەک نمونەی پشکنین و دۆزینەوەی بەرکەتووان، بڕیاردرا بە کەرەنتینکردنی گوندی هۆستانى سەر بە قەزای مێرگەسوور.

ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی تەندروستیی حکومەتى هەرێم لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "دوابەدوای دەستنیشانکردنی توشبوویەكی دوێنێ بە نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ  COVID19  کە دانیشتووی شاری هەولێرە و بەهۆی سەردانی ناوبراو بۆ گوندی ھۆستان سەر بە قەزای مێرگەسوور، لەپێناو سەلامەتی هاوڵاتیان و دۆزینەوەی بەرکەوتووان بڕیاردرا بە کەرەنتینکردنی گوندی هۆستان بەمەبەستی وەرگرتنی ژمارەیەک نموونەی پشکنین و ڕێکارەکانی خۆپارێزی تەندروستیی."

لە چەند ڕۆژی رابردوودا ژمارەی توشبووانی کۆرۆنا دووبارە لە هەرێمدا رووی لە زیادبوونکردووە و بەپێی دوایین ئامارەکان، تا ئێستا ٥٠٥ کەس لە هەرێمدا توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش ٤٠٣ کەسیان چاکبوونەتەوە.