سەردێڕ:

سعودیە.. مزگەوتەکان بە رووی نوێژخوێناندا دەکرێنەوە

فۆتۆ: 
2020-05-26

3846 جار خوێندراوەتەوە

میدیاکانی سعودیە بڵاویانکردەوە، لە چوارچێوەی ئاساییکردنەوەی گرتنەبەری رێوشوێنەکانی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە رۆژی یەکشەممەی داهاتووەوە، مزگەوتەکان بەڕووی نوێژخوێناندا دەکرێنەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، ئاژانسی هەواڵیی فەرمی سعودیە بڵاویکردەوە، بڕیاردراوە لە ٣١ی ئەم مانگەوە تا ٢٠ی مانگی حوزەیرانی داهاتوو، مزگەوتەکان بە رووی نوێژخوێنانەدا بکرێنەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هەڵپەساردنی ئەنجامدانی عەمرە و سەردانیکردنی مزگەوتی نەبەوی لە مەدینەوە و گەشتە ئاسمانییەکان بۆ دەرەوە بەردەوامدەبن، بەڵام نوێژەکانی هەینی و بەکۆمەڵ لە مزگەوتی حەرام لە شاری مەککە بەپێی رێوشوێنەکانی خۆپارێزی ئەنجامدەدەرێن.

ئەوەش هاتووە، لە رۆژی پێنجەشەممەی داھاتووەوە، دەستدەکرێت بە ئاسانکردنی رێوشوێنەکانی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و پەیوەست بە قەدەغەکردنی ھاتوچۆ، هاوکات چالاکییە بازرگانی و ئابورییەکان لە سعودیە ئاساندەکرێنەوە.

لە ١٧ی ئازاری رابردووەوە، حکومەتی سعودیە، لە چوارچێوەی گرتنەبەری رێوشوێنەکانی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، مزگەوتەکانی بە رووی نوێژخوێنانی ئەو وڵاتەدا داخست.

لە ئێستادا، رێژەی توشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سعودیە گەیشتووەتە ٧٤ هەزار و ٧٩٥ کەس و ٣٩ کەسیان گیانیان لەدەستداوە، هاوکات ٤٥ هەزار و ٦٦٨ کەسی دیکەش چاکبوونەتەوە.