سەردێڕ:

ھەرێم.. وەزارەتی خوێندنی باڵا چارەنووسی خوێندنی ئەمساڵی دیاریکرد

فۆتۆ: 
2020-05-26

41457 جار خوێندراوەتەوە

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی خوێندنی باڵا رایگەیاند، بڕیاردراوە کۆتایی بە خوێندنی ئەمساڵ لە زانکۆ و پەیمانگاکانی سەر بە خوێندنی باڵا بهێندرێت و خوێندکاران تاقیکردنەوەی کۆتایی نەکەن، لە برری ئەوە نمرەی کۆرسی یەکەمیان بۆ هەژمار بکرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی خوێندنی باڵا بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی وەزارەتی خوێندنی باڵادا بڕیاردراوە بەوەی خوێندنی ئەمساڵ لە زانکۆ و پەیمانگاکانی سەر بە خوێندنی باڵا کۆتایی پێبهێندرێت و خوێندکاران تاقیکردنەوەی کۆتایی نەکەن، لە بری ئەوە نمرەی کۆرسی یەکەمیان بۆ هەژمار بکرێت.

ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەیەکدا کە بە شێوەی ئۆنلاین لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاوە بەڕێوەچوو، دواین پێشنیاز و راسپاردەکان لەسەر خویندنی ئەمساڵ تاوتوێ کرا.

لەو بارەیەوە وەزارەتی خوێندنی باڵا لە راگەیندراوێکدا بڵاویکردەوە، "ئەمشەو، ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، پەیامێکى تۆمارکراوى ڤیدیۆی لەبارەى چارەنوسى پرۆسەى خوێندنى ئەمساڵى زانکۆ و پەیمانگەکان لە هەرێمى کوردستان پێشکەش دەکات".

بەهۆی رێکارەکانی بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە کۆتایی شوباتی رابردووەوە، دەوامی سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی هەرێم، لەناویاندا زانکۆ و پەیمانگاکان راگیراون.