سەردێڕ:

وەزیری كارەبای عێراق: رۆژانە ٤٠ ملیۆن مەتر سێجا غاز لە ئێرانەوە هاوردە دەكەین

فۆتۆ: 
2020-05-26

1864 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری كارەبای عێراق رایگەیاند، بەمەبەستى بەرهەمهێنانى وزەى کارەبا، رۆژانە ٤٠ ملیۆن مەتر سێجا غاز لە ئێرانەوە هاوردە دەكەن.

ماجد مەهدی، وەزیری كارەبای عێراق راشیگەیاند، ئەو غازەى لە ئێرانەوە هاوردەى دەکەن، هەرزانترین سوتەمەنیی بەكارهێنراوە لە جیهاندا و لە چەند ساڵی داهاتووشدا وەزارەتی نەوتى عێراق دەتوانێت‌ بڕی پێویستی سوتەمەنی بۆ بەرهەمهێنانى وزەى کارەبا دابینبكات.

ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد، عێراق بۆ كارپێكردنی وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا رۆژانە پێویستی بە ٧٠ ملیۆن مەتر سێجا گازە و ئەو بڕەش نیوەی لە کێڵگەکانى بەسرە دابیندەكرێت و نیوەكەی دیكەش لە ناوچەكانی ناوەڕاستى عێراق.

پێشتریش عەلى عەلاوى جێگرى سەرۆک وەزیرانى عێراق و وەزیرى دارایی رایگەیاند، لەگەڵ کۆمپانیا سعودییەکان رێککەوتون بۆ بەرهەمهێنانى غاز لە کێڵگەى عوکاز لە پارێزگاى ئەنبار کە بە گەورەترین کێڵگەى غاز لە عێراق دادەنرێت.

هاوردەکردنى غازى ئێرانى لەکاتێکدایە، ئەمریكا گەمارۆی ئابورى بەسەر ئێران و ئەو وڵاتانەشدا سەپاندووە كە نەوت لە ئێران هاوردە دەكەن، بەڵام عێراقى لە هاوردەكردنی گاز لە ئێران بەخشیوە.