سەردێڕ:

وڵاتێکی ئەوروپی سەرجەم رێکارەکانی کۆرۆنا ئاسایی دەکاتەوە

فۆتۆ: 
2020-05-26

11346 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک وەزیرانی لۆکسمبۆرگ رایگەیاند، لە بەیانییەوە کافتریا و چێشتخانەکان دەکرێنەوە و بە مەرجی تەندروستیشەو، رێگە بە ئەنجامدانی ئاهەنگە ئایینی و مەدەنییەکان دەدرێت.

زەیڤیەر بیتڵ، سەرۆک وەزیرانی لۆکسمبۆرگ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دەرگای چێشتخانەکان دەکرێنەوە بەڕووی میواناندا، بەو مەرجەی مێزەکان لە شوێنی کراوەدا دابنرێن و لە چوار کەس زیاتر لەسەری دانەنیشن.

وتیشی، لە هەینییەوە رێگەدەدرێت بە شوێنە داخراوەکان دەستبەکاربن، بەو مەرجەی پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بن و ماوەی نێوان میوانەکان لە مەتر و نیوێک کەمتر نەبێت.

باسی لەوەشکرد، رێگە بە کۆبوونەوە جیاوازەکان دەدرێت لە تەواوی وڵاتەکەدا، بەو مەرجەی هەموو ئامادەبووان دەمامک بەکاربێنن و پارێزگاری لە ماوەی دووری نێوانیان بکەن کە ئەویش لە دوو مەتر کەمتر نەبێت، لە کۆتایی هەفتەشدا، سینەما و هۆڵەکانی وەرزشکردن دەکرێنەوە.

هاوکات، هێشتا بڕیاریان لەسەر کردنەوەی باخچەکانی منداڵان نەداوە.

لۆکسمبۆرگ دەکەوێتە نێوان ئەڵمانیا و فەرەنسا و بەلجیکا، ژمارەی دانیشتوانەکەی ٦٢٠ هەزار کەس دەبێت، هەتا ئەمڕۆش کەمتر لە ٤ هەزار توشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێی هەیە کە ١١٠ کەسیان گیانیان لەدەستداوە، دەسەڵاتداران بەمەبستی پاراستنی هاوڵاتیان لە مەترسییەکانی ڤایرۆسەکە، لە ١٨ی مانگی ئازارەوە تەواوی شوێنە قەرەباڵغەکانیان داخست.