سەردێڕ:

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق: مەترسی لەسەر موچەی فەرمانبەران هەیە

فۆتۆ: 
2020-05-26

41065 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بەهۆی ئەو بارودۆخە ئابورییەی لە ئێستادا وڵاتەکە پیایدا تێدەپەڕیت مەترسییەکی راستەقینە لەسەر موچەی فەرمانبەران هەیە.

جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لە ماوەی رابردوودا، پەرلەمانی وڵاتەکە بڕیاریداوە بە هەموو شێوەیەک قەرزکردنی دەرەکی قەدەغەبکرێت، بەڵام لە ئێستادا بەهۆی ئەو دۆخە خراپە داراییەی هەیە ناچارن بە بڕیارەکەدا بچنەوە و دووبارە  پەنا بۆ قەرزی دەرەکی ببەن.

راشیگەیاند، قەرزکردنی پارە لە بانکە حکومی و ناوخۆییەکان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە نابێت وەکو قەرزی دەرەکی سەیربکرێت، بەڵام ئەگەر وادەیەکیش بۆ دانەوەی قەرزەکان دیارینەکرێت، ئەوا دەبێتە مەترسییەکی جددی بۆ داهاتوو.

لەلایەکی دیکەوە، مەزهەر محەمەد ساڵحی، راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە میدیا فەڕمییەکانی وڵاتەکەی راگەیاندووە، بە مەبەستی دابینکردنی موچەی مانگی ئایاری فەرمانبەران، حکومەت بڕی سێ ترلیۆن دیناری لە بانکەکانی رافیدەین و رەشید و بانکی پیشەسازی عێراقی قەرزکردووە.

وتیشی، حکومەتی عێراق لە مانگی ئایاردا تەنیا موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و چاودێری کۆمەڵایەتی پێدابینکراوە، بۆچوونێکیش هەیە کە بۆ مانگی حوزەیرانی داهاتوو قەرزی ناوخۆیی بکات بۆ دابینکردنی موچەی کارمەندان.

مەزهەر محەمەد ساڵح ئەوەشی راگەیاند، هەندێک هەوڵ هەیە بۆ قەرزکردنی دەرەکی لەپێناو چارەسەرکردنی ئەم کێشانە بەڵام کاتی زۆر دەخایەنێت.

وتیشی، رەنگە لە مانگی داهاتوودا قەرز لە سەرمایەدارانی وڵات بکرێت و دواتر بە زیاترەوە پێیان بدرێتەوە.

بەهۆی دابەزینی بەرچاوی نرخی نەوتەوە، عێراق روبەروی دۆخێکی دارایی سەخت بووەتەوە و بەرپرسانی دارایی ئەو وڵاتە باس لەوەدەکەن، کە پێشتر مانگانە حەوت ترلیۆن و ٥٠٠ ملیۆن دیناریان دەسکەوتووە، بەڵام لە ئێستادا کەمتر لە دوو ترلیۆن دینار دەستدەکەوێت و بەوەش، گرفت بۆ بودجەی وڵات دروستبووە.

‌بەپەلە