سەردێڕ:

کەشناسی هەرێم: دابەزینی پلەکانی گەرما بۆ ژێر سفری سیلیزی راست نییە

فۆتۆ: 
2020-05-26

46080 جار خوێندراوەتەوە

کەشناسی هەرێم رایگەیاند، ئەوان باسیان لە دابەزینی پلەکانی گەرما بۆ ژێر ١٠ پلەی سیلیزی کردووە، نەک بۆ ژێر پلەی سفری سیلیزی. دەشڵێت، هەندێک لە دەزگاکانی راگەیاندن بە هەڵە راپۆرتی بەشی پێشبینی بەڕێوەبەرایەتییەكەیان بڵاوکردووەتەوە.

ئەمڕۆ لە روونکردنەوەیەکدا، بەرێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "دوای بڵاوكردنەوەی پێشبینیمان بۆ نزمبوونەوەی پلەكانی گەرما بۆ ١١ تا ١٢ و گەیشتنی بۆ ژێر ١٠ پلەی سیلیزیی بۆ ناوچە شاخاوییەكان و ١٥ پلە بۆ سەنتەری شارەكان، بە داخەوە چەند دەزگایەكی راگەیاندن بە هەڵە مامەڵەیان لەگەڵ راپۆرتی بەشی پێشبینی و لێدوانی ئەژی چەتۆ حەسەن، بەرپرسی بەشی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتییەكەمان كردووە."

راشیگەیاند، هەڵەکە لەوێدایە كە بڵاویانکردووەتەوە پلەكانی گەرما بۆ (ژێرەوەی سفری سیلیزیی) دادەبەزێ، كە ئەمەش هەڵەیە و زانیارییەكە دروست نییە، بەڵكو بەشی پێشبینی لە بڵاوكراوەكەیدا بە روونی ئاماژەی بە (ژێر ١٠ پلەی سیلیزیی) نەوەك (ژێرەوەی سفری سیلیزیی) داوە."

باس لەوەشکراوە،  پلەكانی گەرما لە هەرێمی كوردستان و لەمكاتەی وەرزی ساڵدا ناگاتە ئاستی پلەكانی ژێرەوەی سفری سیلیزیی.

ئەوەش لەکاتێکدایە، شەوی رابردوو، کەشناسی هەرێم رایگەیاند، دوای ھاتنی بارستە ھەوایەکی فێنک بۆ سەر ناوچەکەمان کەوا پلەکانی گەرما بە نزیکەی ١١ تا ١٢ پلە نزمکردەوە، بۆ سبەی بەیانی پێشبینی نزمترین پلەکانی گەرما دەکرێت لە ھەندێ ناوچەی شاخاوی لە ژێر ١٠ پلەی سیلیزی بێت و لە سەنتەری پارێزگاکانیش لە ١٥ پلە نزیکدەبێتەوە.