سەردێڕ:

هەرێم.. ئەمڕۆ لەبارەی قەدەغەی هاتوچۆوە بڕیار دەدرێت

فۆتۆ: 
2020-05-26

63230 جار خوێندراوەتەوە

ئەمڕۆ، وەزارەتی ناوخۆی هەرێم، بڕیار لەبارەی قەدەغەی هاتوچۆ دەدات و ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی هەولێریش دەڵێت، "بەپێی زانیارییەکانی ئێمە دوای جەژن قەدەغەی ھاتوچۆ درێژناکرێتەوە."

ئەمڕۆ سێشەممە، ٢٦ی ئایاری ٢٠٢٠، کاتژمێر ١٢ی شەو، ماوەی ٧٢ کاتژمێر قەدەغەی هاتوچۆ کۆتایی دێت و هێمن قادر، جێگرى پارێزگارى هەولێر و وتەبێژى ژوورى ئۆپراسۆنەکانى هەولێریش بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، "رەوشی تەندروستیی بڕیار دەدات ئایا دوای جەژن جارێکی تر قەدەغەی ھاتوچۆ درێژدەکرێتەوە یان نا، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی ئێمە دوای جەژن قەدەغەی هاتوچۆ درێژناکرێتەوە و وەکو رۆژانی پێش جەژن ئاسایی دەبێتەوە."

لەلایەکی دیکەوە، هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، "تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێک بۆ درێژکردنەوەی ماوەی قەدەغەی هاتوچۆ نەدراوە."

رۆژى ١٨ى ئەم مانگە، وەزارەتى ناوخۆی رایگەیاند، کە لە رۆژانى جەژندا قەدەغەى هاتوچۆى تەواوەتى پەیڕەودەکرێت و کاتژمێر ١٢ی ئەمشەو ئەو وادەیە کۆتایی دێت.