سەردێڕ:

پۆلیسی راپەڕین: بەپێی زانیارییەکان گەنجەکەی قەڵادزێ کوژراوە

فۆتۆ: 
2020-05-26

33691 جار خوێندراوەتەوە

پۆلیسی راپەڕین رایگەیاند، تەرمی گەنجێکی دانیشتووی قەڵادزێیان دۆزیوەتەوە، کە ئاسەواری گوللەیەک بە جەستەیەوە هەیە و بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکانیش کوژراوە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین رایگەیاند، دوێنێ تەرمی گەنجێک بە ناوی رابەر محمد ئەمین ئیبراهیم، کە لەدایکبووی ساڵی ١٩٩٣یە و دانیشتووی قەڵادزێیە لە گەڕەکی کارەبا و کاسبکار بووە، گەیەنرایە نەخۆشخانەی گشتی قەڵادزێ.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئاسەواری گوللەیەک بە جەستەیەوە هەیە و بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکانیش کوژراوە، هاوکات لەدوای توێکاری بۆ لاشەکەی، بەڕێکراوە بۆ پەیمانگای پزیشکی دادوەری سلێمانی.

راشیگەیاند، دۆسییەی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە بە ماددەی ٤٠٦ رێکخراوە و بە فەرمانی دادوەریش، دوو کەس لەسەر رووداوەکە دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، کەسوکاری رابەر، شەوی سێشەممە ١٩ی ئایاری ٢٠٢٠، لە بنکەی پۆلیسی قەڵادزێ سکاڵای یاساییان تۆمارکرد لەسەر ئەوەی پاشنیوەڕۆی هەمان رۆژ، کوڕەکەیان رۆشتووەتە دەرەوە و نەگەڕاوەتەوە، لەدوای تێپەڕبوونی شەش رۆژ بەسەر سکاڵاکەش، ئێوارەی دوێنێ تەرمەکەی لە گوندی شۆڕان دۆزرایەوە.

 

No description available.