سەردێڕ:

هەرێم.. دوای ١٥ ڕۆژ تەرمی ئەو گەنجەی لە یۆنان خنکا گەڕێنرایەوە

فۆتۆ: 
2020-05-26

21090 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران رایگەیاند، دوای ١٥ ڕۆژ تەرمی ئەو په‌نابه‌رە كوردەی کە لە دورگه‌ی خیۆسی یۆنان خنکا، گەڕێنرایەوە هەرێمی کوردستان.

ئەمڕۆ دووشەممە، ئاری جەلال سەرۆکی دەگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران رایگەیاند، بە هاوکاری دەزگای لوتکە پاش ١٥ ڕۆژ لە دوای ڕووداوی خنکانی گەنجێکی تەمەن ٢٠ ساڵ، توانرا تەرمەکەی بگەڕێنرێتەوە هەرێمی کوردستان".

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو گەنجا ناوی ڕاڤیارە و لە ڕۆژی ١٠ی ئایاری ٢٠٢٠، لە دورگەی خیوسی یۆنان لەکاتی مەلەکردندا خنکا"، راشیگەیاند، "لە دوای بڵاوبوونەوەی ڕووداوەکە، کەسوکاری ڕاڤیار پەیوەندیان بە دەزگای لوتکە کرد بۆ لێکۆڵینەوە لە چۆنییەتی ڕوداوەکە و گەڕانەوەی تەرمی ڕۆڵەکەیان بۆ پارێزگای سلێمانی، ئێمەش لەسەر داوای کەسوکاری ڕاڤیار حیجزمان خستەسەر تەرمی ئەو پەنابەرە و ڕێگەمان نەدا تەرمەکە لەوڵاتە بەخاک بسپێردرێت".

ئەوەشی خستەڕوو، "بەهۆی دۆخی ڤایرۆسی کۆرۆنا و کەرەنتینەکردن لە وڵاتە و وەستانی گەشتە ئاسمانیەکان، تەرمی ناوبراو نەتوانرا لەکاتی ئاساییدا بگەڕێتەوە هەرێمی کوردستان و لە گەشتێکی تایبەتدا، تەرمی ئەو پەنابەرە شەوی ڕابردو لە ڕێگەی فرۆکەخانەی هەولێرەوە گەیەنرایەوە هەرێمی کوردستان و لە گۆڕستانی سەیوان تەرمەکەی بە خاک سپێردرا".

ڕاڤیار عوسمان، تەمەنی ٢٠ ساڵ بوو و خەڵکی قەزای چەمچەماڵ بوو، وەک پەنابەرێک لە دورگەی خیسۆسی یۆنان ژیاوە و لە ڕۆژی ١٠ی ئایاردا بەمەبەستی گەشتکردن ڕووی لە دەرەوەی کەمپەکە كردووە، لە کاتی مەلەکردندا و بە وتەی پزیشکی دادی ئەو شارە دەماری قاچی وەستاوە و بەو هۆیشەوە خنکاوە.

ڕاڤیار بەر لە ڕۆیشتنی، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە فەیسبووک لە پۆستێکدا رەخنە لە بەرپرسانی ئەم وڵاتە دەگرێت و دەڵێت، "سەرۆک، تۆ وات کرد چەند وڵات لە دایکم دووربکەومەوە".

Image may contain: 1 person, outdoor