سەردێڕ:

رێواز فایەق: حکومەتی هەرێم ٢٧ ملیار دۆلار قەرزار نییە

فۆتۆ: 
2020-05-25

44199 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان رایگەیاند، هەرێمی کوردستان ٢٧ ملیار دۆلار قەرزار نییە. دەشڵێت، "بە پێوەری کاری دەوڵەتداریی و جێبەجێکردنی دەسەڵاتەکان، حکومەتی هەرێم یەک دۆلار قەرزار نییە جگە لە موچەی پاشەکەوتکراوی موچەخۆران و شایستە داراییەکانى بەڵێندەران و سەرمایەداران."

 رێواز فایەق سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان لە پەیجى تایبەتى خۆى لە فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە تا کۆتایی کارەکانی کابینەی حەوتەمی حکومەتی هەرێم، هەرێم هیچ بڕە پارەیەک قەرزار نەبووە چونکە لە یاسای بودجەی گشتی هەرێم بۆ ساڵى ٢٠١٣ هیچ گوژمەیەک ،چ بۆ دانەوەی قەرز و چ بۆ دانەوەی سوودی قەرز، دانەنراوە.

راشیگەیاندووە، بەپێی یاسای ژمارە حەوتی ساڵی ۲٠۱٥، یاسای ڕاکێشانی مایە لەڕێگای قەرزکردن لە هەرێم لە هیچ بارێکدا نابێت سەرجەمی ئەو قەرزانەی حکومەت وەریدەگرێت لە پێنج ملیار دۆلار زیاتر بێت، کەواتە هەر بڕێک بەهەر بەهایەک لەدەرەوەی ئەم بڕە ڕێپێدراوە قەرزکرابێت، سەرپێچی یاسایە و دەبێت پێش هەمووشت سەرپێچیکاران ڕووبەڕووی یاسا بکرێنەوە.

رێواز فایەق ئاماژەى بۆ ئەوەشکردووە، لە ساڵی ۲٠۱٤ حکومەتی هەرێم هیچ پرۆژە یاسایەکی بودجەی گشتی نەناردووەتە پەرلەمان بۆیە هەر گوژمە پارەیەک بۆ هەر بوارێک ئاراستە کرابێت و بەهەر شێوەیەک داهاتی داپۆشەری ئەو خەرجیانە وەدەستهاتبن، بنەمای یاسایی دروستیان نییە.

سەرۆکى پەرلەمان راشیگەیاندووە، ئەگەر حکومەتی هەرێم لە ماوەی پێنج ساڵ، بەدەر لەئاگاداری پەرلەمان، بەبێ جەدوەلی قەرزەکان، و لە تاریکیدا مانەوەی قەرزدەرەکان و بڕی قەرزەکان و نرخی سوودی سەر قەرزەکان، و کاتی دیاریکراوی دانەوەیان، بڕی ۲۷ ملیار دۆلاری تەنها بۆ بودجەی بەکاربردن و بەدیاریکراوی بۆ موچە قەرز کردبێت، ئەوا بە پێوەری کاری دەوڵەتداریی و جێبەجێکردنی دەسەڵاتەکان حکومەتی هەرێم، یەک دۆلار قەرزار نییە جگە لە موچەی پاشەکەوتکراوی موچەخۆران و شایستە داراییەکانى بەڵێندەران و سەرمایەداران.

پێشتریش شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، لە شەش ساڵى رابردوودا حکومەت تەنیا ٣٠ ملیار دۆلار موچەى موچەخۆرانى داوە، لەکاتێکدا تەنیا بەداهاتى ناوخۆ و پارەى بەغدا و یارمەتییەکەى هاوپەیمانان حکومەت ٣٣ ملیار دۆلارى دەستکەوتووە، ئیتر بۆچى قەرزارین؟.

لە رۆژی ٢٢ی ئەم مانگەدا، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، حکومەتی هەرێم بڕی ٢٧ ملیار دۆلار قەرزارە و خاوەنی هیچ یەدەگ و پاشەکەوتێکی دارایی نییە.