سەردێڕ:

هەولێر.. شەش حاڵەتی نوێی توشبوون بە کۆرۆنا تۆمارکرا

فۆتۆ: 
2020-05-25

5949 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی تەندروستیی هەرێم رایگەیاند، شەش حاڵەتی نوێی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شاری هەولێر تۆمارکراون.

ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی تەندروستیی هەرێم رایگەیاند، "لە بەردەوامی پشکنینەکان و گەڕان بەدوای گومانلێکراوان و توشبووان، شەش توشبووی دیکەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ COVID-19 لە پارێزگای ھەولێر دەستنیشانکران، کە ئافرەتێك تەمەن ٤٠ ساڵ، کچێکی تەمەن ١٨ ساڵ، دوو پیاو تەمەن ٧٠ و ٦٠ ساڵ، دوو منداڵ تەمەن ١٠ و ٦ ساڵ."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "دوو توشبوو دانیشتووی شاری هەولێر و چوار توشبوو دانیشتووی ناحیەی عەنکاوە و توشبووێک دانیشتووی ناحیەی کەڵەکی پارێزگای دهۆکە."

ئەوەشخراوەتەڕوو، "سێ تووشبوو بەرکەوتەی توشبووی پێشوون و سێ توشبووی دیکە نیشانەی نەخۆشیان ھەیە."

بەپێی دوایین ئامارەکان، تا ئێستا ٥٠٢ کەس لە هەرێمدا توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش ٤٠٣ کەسیان چاکبوونەتەوە. هاوکات، پێنج کەسیش گیانیان لەدەستداوە.