سەردێڕ:

پەروەردەى سلێمانى لە بارەى نمرەى تێپەڕاندن (عبور) روونکردنەوە دەدات

فۆتۆ: 
2020-05-25

67586 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرى پەروەردەى ڕۆژئاواى سلێمانى رایگەیاند، ١٥ نمرە هەیە بۆ هاوکاریکردنى خوێندکاران، کە پێنج لەو نمرانە بڕیارە و ١٠ نمرەکەى دیکە هاوکارییە بۆ خوێندکاران لە پۆلە ناکۆتاکان.

ئەمڕۆ دووشەممە، بەکر محەمەد بەڕێوەبەرى پەروەردەى ڕۆژئاواى سلێمانى بە دیجیتاڵ میدیاى ئێن ئاڕ تى ڕاگەیاند، "بۆ خوێندکارانى پۆلە ناکۆتاکان ١٥ نمرە هاوکارى دەکرێن، بۆ  پەڕینەوەیان لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکى دیکە، کە پێنج لەو نمرانە بڕیارە و ١٠ نمرەکەى دیکە هاوکارییە."

ئاماژەى بەوەشکرد، "هەر خوێندکارێک دوو وانەى کەوتووى هەبێت و نمرەکانى بریتى بێت لە ٤٥ و ٤٠ ئەوا پێنج نمرەى بڕیارەکەى بۆ دەخرێتە سەر ئەو وانەى کە ٤٥ە و ١٠ نمرەش دەخرێتە سەر ئەو وانەى کە ٤٠ و بەو شێوەیە دەردەچێت لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکى دیکە."

بەکر محەمەد لەبارەى بایکۆتکردنى تاقیکردنەوەکانى پۆلەکۆتاکانیشەوە ڕایگەیاند، "لەو بڕوایەدا نیم مامۆستایان پرۆسەکە بایکۆت بکەن، لە پاش ئەوەى لە پێش جەژندا موچەیان وەرگرت."

ئەوەش دوای ئەوەدێت، لە ٢٣ى ئەم مانگەدا، وەزارەتی پەروەردە بە چەند بڕیارێک چارەنووسی خوێندنی ئەمساڵی ٢٠١٩-٢٠٢٠ی دیاریکرد.