سەردێڕ:

عێراق دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی رەتکردەوە

فۆتۆ: 
2020-05-25

9207 جار خوێندراوەتەوە

دەسەڵاتی فڕۆکەوانی شارستانی عێراق دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانیەکانی لە مانگی حوزەیرانی داهاتوو رەتکردەوە، راشیگەیاند لەدوای کۆتایی ئەم مانگە، لەگەڵ شانەی قەیرانەکان و لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی، گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت.

جیهاد کازم، وتەبێژی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی بە میدیاکانی عێراقی راگەیاند، ئەو قسانەی لەبارەی دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان لە حوزەیرانی داهاتودا دەکرێن، دوورن لە راستییەوە.

وتیشی، دەسەڵاتی فڕۆکەوانی شارستانی هەتا کۆتایی ئەم مانگە، بڕیاری راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی داوە، پاشان لەدوای کۆتایی ئەم مانگە لەگەڵ شانەی قەیرانەکان و لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی، بەمەبەستی گەشتن بە بڕیارێکی دروست، گفتوگۆی لەسەر دەکرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا جگە لە گەشتەکانی فریاکەوتن و گەشتەکانی تایبەت بە تەندروستی و گەشتی فڕۆکە بارهەڵگرەکان هاوکات ئەو فڕۆکانەی بە ئاسمانی عێراقدا تێدەپەڕن، سەرجەم گەشتە ئاساییەکانی دیکە راگیراون.

لەماوەی پێشودا دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی عێراق لەپێناو پاراستنی گیانی گەشتیاران لە مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بڕیاریدا گەشتە ئاسمانییەکانی عێراق هەتا ٣١ی ئایار رابگرێت.