سەردێڕ:

چین: ئەمریکا بەرەو شەڕی سارد پەلکێشمان دەکات

فۆتۆ: 
2020-05-25

10570 جار خوێندراوەتەوە

راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی، چین بەوە تۆمەتبار دەکات کە لە رێگەی کۆرۆناوە زیانی گەورەی بە ئابوری ئەمریکا گەیاندووە، پەکینیش باس لەوە دەکات واشنتۆن بەرەو شەڕی سارد پەلکێشیان دەکات.

میدیاکانی ئەمریکا بڵاویانکردەوە، رۆبێرت ئۆبرایان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەو وڵاتە رایگەیاندووە، پەردەپۆشکردنی کۆرۆنا لە لایەن چینەوە هاوشێوەی شاردنەوەی لێکەوتەکانی تەقینەوەی وێستگەی ئەتۆمی چەرنۆبیل بوو لە لایەن سۆڤیەتی جارانەوە.

راشیگەیاندوە، چین زانیاریەکانی لە بارەی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە مانگی ١١ی ساڵی رابردوو لە رێکخراوی تەندروستی شاردووەتەوە.

راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا باسی لەوەشکردوە، کە چین رێگەی داوە ڤایرۆسەکە بە تەواوی جیهاندا بڵاوببێتەوە، بۆ ئەوەی لەو رێگەوە بە دەیان ملیار دۆلار زیان بە ئەمریکا بگەیەنێت.

لەبەرامبەردا، وۆنگ یی، وەزیری دەرەوەی چین رایگەیاندووە، ڤایرۆسی سیاسی هێرش و تۆمەتبەخشینەوە لە ئەمریکا بڵاوبووەتەوە و سەرجەم ئەو تۆمەتانە دوورن لە راستیەوە.

باسی لەوەشکردووە، هەندێک هێزی سیاسی لە ئەمریکا پەیوەندیەکانی واشنتۆن و پەکینیان بە بارمتە گرتووە و ئەو پەیوەندیانە بەرەو شەڕی سارد دەبەن.