سەردێڕ:

سلێمانی.. هەشت حاڵەتی نوێی توشبوون بە کۆرۆنا تۆمارکرا

فۆتۆ: 
2020-05-23

6798 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی تەندروستیی هەرێم رایگەیاند، هەشت حاڵەتی نوێی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شاری سلێمانی تۆمارکران، کە تەنها یەک کەسیان بەرکەوتەی توشبووی پێشووە.

ئەمڕۆ شەممە، وەزارەتی تەندروستیی هەرێم رایگەیاند، "لە بەردەوامی پشکنینەکان و گەڕان بەدوای گومانلێکراوان، هەشت توشبووی دیکەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ COVID-19 لە پارێزگای سلێمانی دەستنیشانکران".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "توشبووەکان پێنج ئافرەتی تەمەن ٦٧ و ٤٧ و ٤٧ و ٣٨ و ٣٧ ساڵ و سێ پیاو تەمەن ٥٧ و ٣٧ و ٢٦ ساڵن، کە تەنها یەکێکیان بەرکەوتەی توشبووی پێشووە دانیشتووی شاری سلێمانیە و یەکێکی تر گەشتی دەرەوەی وڵاتی کردووە دانیشتووی قەزای ڕانیەیە".

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "شەش توشبووەکەی دیکە بەهۆی بوونی نیشانەکانی نەخۆشی پشکنینی تاقیگەیان بۆ کراوە و پۆزەتیڤ دەرچوون و دانیشتووی شاری سلێمانین".

بە تۆمارکردنی ئەم ژمارە نوێیەش، ئەمڕۆ لە هەرێمدا ١٥ حاڵەتی نوێی توشبوون بە کۆرۆنا تۆمارکراوە.

بەپێی دوایین ئامارەکان، تا ئێستا ٤٧٥ کەس لە هەرێمدا توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش ٣٨٦ کەسیان چاکبوونەتەوە.