سەردێڕ:

هەرێم.. لیستی ناوی ئەو شوێنانەی لە دووەم ڕۆژی جەژنەوە دەکرێنەوە

فۆتۆ: 
2020-05-23

159102 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری ناوخۆی هەرێم رایگەیاند، لە دووەم ڕۆژی جەژنەوە هەریەک لە فڕنی نان و نانەواخانەکان، دەرمانخانەکان، هۆکارەکانی گواستنەوەی سەوزە و میوە و گواستنەوەی غاز دەتوانن دەستبەکار بکەنەوە.

ئەمڕۆ شەممە، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێم رایگەیاند، بۆ ئاسانکاری کاری هاوڵاتیان لە ڕۆژی دووەمی جەژنەوە رێگا دەدرێت بە هەندێک خزمەتگوزاری پێداویستی هاوڵاتیان دەستبەکار بکەنەوە، کە ئەوانیش بریتین لە رەچاوکردنی وەرزی کشتوکاڵ و دروێنەی خەڵک، کە هەندێک کەس دەچن بۆ دروێنەکردن بەتایبەت لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، لەگەڵ ئاسانکاریکردن بۆ کاری عەلوەکان و گواستنەوەی سەوزە و میوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، لە دووەم ڕۆژ و سێیەم ڕۆژی جەژندا هەریەک لە فڕنی نان و نانەواخانەکان، هۆکارەکانی گواستنەوەی غاز، هۆکارەکانی گواستنەوەی سەوزە و میوە بۆ ماڵان، دەرمانخانەکان و نەخۆشخانەکان دەتوانن دەستبکەنەوە بە کارکردن.

ئەوەشی خستەڕوو، هیچ بڕیارێک نییە کە لە دوای جەژنەوە قەدەغەی هاتوچۆ درێژبکرێتەوە و ژیان ئاسایی دەبێتەوە وەک ڕۆژانی پێش جەژن، لەبارەی هۆکاری راگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆ لە جەژنیشدا باسی لەوەکرد، مەبەستمان بووە لەو سێ ڕۆژەی جەژندا بەریەککەوتن کەمبێت لەناو هاوڵاتیاندا، چونکە دڵنیابووین هاوڵاتیان زۆر سەردانی یەکتری دەکەن.

لە ١٨ی ئەم مانگەدا، وەزارەتی ناوخۆی هەرێم رایگەیاند، بۆ سێ ڕۆژی جەژنی رەمەزان قەدەغەی هاتوچۆی تەواو دەبێت لە هەرێم و هاتوچۆی نێوان پارێزگاکانیش رادەگیرێت.