سەردێڕ:

​ئەمریکا کوژرانی دوو سەرکردەی داعشی راگەیاند

فۆتۆ: 
2020-05-23

2114 جار خوێندراوەتەوە

فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا رایگەیاند، لەسەر دەستی هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرکردایەتی ئەمریکا و بە هاوبەشی لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، دوو سەرکردەی رێکخراوی داعشیان لە رۆژهەڵاتی سوریا کوشتووە.

ماڵپەڕی سکای نیوز بڵاویکردەوە، فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا رایگەیاندووە، یەکێک لە سەرکردە کوژراوەکانی داعش، بریتییە لە ئەحمەد عیسا ئیسماعیل ئەلزاوی، کە والی داعش بووە لە باکوری بەغدا و ئەحمەد عەبدول محەمەد حەسەن ئەلجەغیفی، بەرپرسی کاروباری دابینکردن و گواستنەوەی چەک و تەقەمەنی داعش بووە لە عێراق و سوریا.

لە راگەینراوەکەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکادا هاتووە، ئەو دوو سەرکردەیەی داعش لە ناوچەی دێرەزووری سوریا و لە ئۆپراسیۆنیکی هاوبەشی هێزەکانی هاوپەیمانان و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)دا کوژراون.

ئەوەشخراوەتەڕوو، کە هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا بەردەوامدەبن لە فشارخستنەسەر هێزەکانی داعش تا رێگری لە گەڕانەوەیان بکەن.

ئەگەرچی لە ساڵی ٢٠١٨دا بە فەڕمی کۆتاییهاتنی خەلافەتەکەی داعش راگەیەنرا، بەڵام جموجوڵی ئەو رێکخراوە لە ناوچە جیاوازەکاندا ماوە.