سەردێڕ:

وەزارەتی دارایی هەرێم: بە مەرجەکانی ناردنی ٤٠٠ ملیارەکە رازین

فۆتۆ: 
2020-05-23

54006 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی لە نوسراوێکی وەزارەتی دارایی عێراقدا بە کۆمەڵێک مەرجەوە باس لە ناردنی ٤٠٠ ملیار دینار کرابوو، وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاند، بەو بڕگانەی نوسراوەکەی وەزارەتی دارایی عێراق رازین.

لە نوسراوێکی وەزارەتی دارایی هەرێمدا کە واژۆی ئاوات جەناب، وەزیری دارایی بەسەرەوەیە هاتووە، "بۆ بەڕێز عەلی عەلاوی، وەزیری دارایی حکومەتی فیدراڵیی، حکومەتی هەرێم بە بڕگەکانی ناو نوسراوەکەتان رازییە."

رۆژی ١٩ی ئەم مانگە، وەزیری دارایی عێراق نوسراوێکی ئاراستەی سەرۆکی حکومەتی ‌هەرێمی کوردستان کرد کە چەند خاڵێکی تێدابوو بۆ چارەسەرکردنی کێشەی دارایی نێوان هەردوولا.

لە نوسراوەکەی وەزارەتی دارایی عێراقدا باس لەوەکرابوو، کە حکومەتی فیدراڵی بڕی ٤٠٠ ملیار دیناری مانگی نیسان بۆ هەرێمی کوردستان خەرجدەکات، بەڵام پێویستە شاندی هەرێم و بەغدا گفتوگۆی چڕ ئەنجامبدەن، بەمەبەستی گەیشتن بە چارەسەرێکی ریشەیی لەنێوان هەردوولا کە ماوەکەی لە ٣٠ رۆژ زیاتر نەخایەنێت.

هەر لە نوسراوەکەی وەزارەتی دارایی عێراقدا هاتبوو، دیوانی چاوێریی دارایی فیدراڵی بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵی و دیوانی چاودێری هەرێمی کوردستان داهاتی (گومرک و داهاتی خاڵە سنوورییەکان) هەژماردەکەن.

هەر دوێنێ، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دانوستانەکانی هەولێر و بەغدا بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق واژۆی لەسەر خەرجکردنی بڕی ئەو ٤٠٠ ملیار دینارە کردووە، بەڵام ناردنی ئەو بڕە پارەیە دەکەوێتە دوای دابەشکردنی موچەی سەرجەم وەزارەتەکانی عێراق.