سەردێڕ:

سلێمانی.. رێگری لە فرۆشتنی گۆشتی ئاژەڵی سەرشەقامەکان دەکرێت

فۆتۆ: 
2020-05-23

1555 جار خوێندراوەتەوە

قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌ی له‌ كۆڵان و شه‌قامه‌كان سه‌رده‌بڕدرێن، پشكنینیان بۆ نه‌كراوه‌ و نازانرێت هه‌ڵگری چ جۆره‌ نه‌خۆشیه‌كن، هەربۆیە لەناودەبرێن. هاوکات، لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانیان ده‌ستیان به‌سه‌ر ژماره‌یه‌ك ئاژه‌ڵی سه‌ربڕدراودا گرتووە و لەناویان دەبەن.

ئەمڕۆ شەممە، كامه‌ران عیزه‌ت، سه‌رۆكی لیژنه‌ی چواری سه‌ر به ‌لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی رایگه‌یاند، لیژنه‌کەیان‌‌ ده‌ستی به‌سه‌ر هه‌شت ئاژه‌ڵی سه‌ربڕدراودا گرتووە کە بەدەر لە رێنماییە تەندروستییەکان سەربڕدرابوون.

وتیشی، ئاژه‌ڵه‌كان له‌ ناوچه‌ی تانجه‌رۆی شاری سلێمانی و به‌ده‌ر له‌ رێنماییه‌كانی ته‌ندروستی و ڤێتێرنه‌ری سه‌ربڕدرابون و خاوه‌نه‌كانیان به‌نیازبون به‌ هاوڵاتیانی بفرۆشن.

رونیشیكرده‌وه‌، ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌ی له‌ كۆڵان و شه‌قامه‌كان سه‌رده‌بڕدرێن، پشكنینیان بۆ نه‌كراوه‌ و نازانرێت هه‌ڵگری چ جۆره‌ نه‌خۆشیه‌كن، بۆیه‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانیه‌وه‌ رێگری له‌ سه‌ربڕین و فرۆشتنیان ده‌كرێت.

ئاماژه‌ی بەوەشکرد، به‌ فه‌رمانی قائیمقامی سلێمانی، ئاژه‌ڵه‌ سه‌بڕدراوه‌كان ره‌وانه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڤێتێرنه‌ری سلێمانی ده‌كرێت بۆ له‌ناوبردن.

هەر ئەمڕۆ، قائیمقامییەتی سلێمانی رایگەیاند، بەهۆی نەشیاوی بەکارهێنانیان، لە مانگی رەمەزاندا دەستیان بەسەر ١٤١ تۆن خۆراک و ماددەی پاککەرەوە و جوانکاریدا گرتووە. هاوکات، بەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی هەولێریش لەناوبردنی دوو بارهەڵگر خورمای ماوەبەسەرچووی راگەیاند.