سەردێڕ:

هەرێم.. دەستبەسەر ١٤١ تۆن خۆراک و ماددەی پاککەرەوەی بەسەرچوودا گیرا

فۆتۆ: 
2020-05-23

1438 جار خوێندراوەتەوە

قائیمقامییەتی سلێمانی رایگەیاند، بەهۆی نەشیاوی بەکارهێنانیان، لە مانگی رەمەزاندا دەستیان بەسەر ١٤١ تۆن خۆراک و ماددەی پاککەرەوە و جوانکاریدا گرتووە. هاوکات، بەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی هەولێریش لەناوبردنی دوو بارهەڵگر خورمای ماوەبەسەرچووی راگەیاند.

لەشکر حەمید، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامییەتی سلێمانی رایگەیاند، لە مانگی رەمەزانی، لیژنەکانی قائیمقامییەت بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی دەستیان بەسەر زیاتر لە ١٤١ تۆن خواردن و خواردنەوە و مەوادی جوانکاری و مادەپاککەرەوەکاندا گرتووە.

وتیشی، لە ماوەی ٢٤ی نیسان تاوەکو ٢٣ی ئایار، دەستیان گرتووە بەسەر ئەو خۆراکانەی نەشیاون بۆ خواردن لەوانەش (شیرەمەنی، سەوزە و میوە، چەرەسات، دەرمانی زیاد و کەمکردنی کێش، شیرینی و خواردەمەنی لەقوتونراو). هاوکات، ئەو مەوادە جوانکاری و پاککەرەوانەش کە خراپ و نەشیاون بۆ بەکارهێنان.

ئاماژەی بەوەشکرد، بە فەرمانی قائیمقامییەتی سلێمانی و لەلایەن کەسانی شارەزاوە، لە دەرەوەی شار و دوور لە ناوچەکانی نیشتەجێبوون، مەوادەکان لەناوبراون.

لەلایەکی دیکەوە، بەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی هەولێریش رایگەیاند، دوو بارهەڵگری گەورەی خورمای ماوەبەسەرچوو کە پێشتر دەستیان بەسەردا گیرابوو، لە زبڵخانەی کانی قرژاڵە لەناوبران.

ئەمەش لەکاتێکدایە، هەر لە مانگی رەمەزاندا، لیژنەکانی چاودێری خۆراک دەستیان بەسەر دەیان تۆن خواردن و خواردنەوەی ماوەبەسەرچووی دیکەدا گرتووە.