سەردێڕ:

گەشتوگوزاری هەرێم: لە رۆژانی جەژندا سەرجەم شوێنە گەشتیارییەکان دادەخرێن

فۆتۆ: 
2020-05-23

20183 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم رایگەیاند، بەهۆی قەدەغەی هاتوچۆی تەواوەوە، لە رۆژانی جەژندا سەرجەم شوێنە گەشتیارییەکانی هەموو پارێزگاکانی هەرێم دادەخرێن.

نادر روستی، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بابەتی قەدەغەی هاتوچۆ لە رۆژانی جەژنی رەمەزاندا لەسەرو دەستەکەی ئەوانەوە بڕیاری لەسەر دراوە و بەوەش، هیچ شوێنێکی گەشتیاری لەو رۆژانەدا کراوە نابن.

راشیگەیاند، سەرجەم شوێنە گەشتیارییەكانی هەرێمیان ئاگاداركردووەتەوە، كە لە رۆژانی جەژندا پابەندی بڕیاری داخستنی شوێنەكانیان بن.

لە چەند رۆژی رابردوودا، وەزارەتی ناوخۆی هەرێم رایگەیاند، لە یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانەوە، قەدەغەی هاتوچۆی تەواو بۆ ماوەی ٧٢ کاتژمێر، لە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستاندا جێبەجێدەکرێت.

محەمەد عامر، هەولێر