سەردێڕ:

ئێن ئاڕ تی ڕاستی دەرکەوتنی مانگ لە سۆران ئاشکرادەکات

فۆتۆ: 
2020-05-23

198977 جار خوێندراوەتەوە

ئێوارەی دوێنێ شەممە، ڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵاتییەکاندا بڵاوکرایەوە و بانگەشەی ئەوە دەکرا کە مانگ بینراوە بەڵام بەپێی ئەپڵیکەیشنی سکای پۆرتاڵ، ئەوەی لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت مانگ نییە و هەسارەی ڤینۆسە.

بەپێی ئەپلیکەیشنی سکای پۆرتاڵ تایبەت بە زانیاری و هەواڵی فەلەکی، ئەو تەنەی لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت هەسارەی ڤینۆسە نەک مانگی زەوی، چونکە چەند ڕۆژێکی دیکەی دەوێت تاکو مانگ بەو ڕاددەیەی لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت پڕببێتەوە ( سەیری وێنەکانی خوارەوە بکە.)

هاوکات، تەنیا بە سەرنجدان لە ڕەنگی تەنەکە بۆت دەردەکەوێت ئەوەی کە لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت مانگ نییە، چونکە ئەگەر پیسبوونی هەوا نەبێت، مانگ هەرگیز بەو ڕەنگە زەردە دەرناکەوێت.

جیاواز لەوانەی سەرەوە کە باسکراون، مانگی یەک شەو یان دوو شەوە بەچاو دەبینرێت و پێویست بە نزیک کردنەوە و بەزومی کامێرا ناکات.

دوای بڵاوکردنەوەی ئەو ڤیدیۆیەش، نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئەو ڤیدیۆیانەی لەبارەی بینینی مانگەوە بڵاوکراونەتەوە، راست نین و مۆنتاژکراون.

ئێوارەی دوێنێ دوای ئەوەی وەزارەتی ئەوقافی هەرێم ڕۆژی شەممەی بە تەواوکەری مانگی ڕەمەزان دەستنیشانکرد، هاوڵاتییەکی دانیشتووی سۆران ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە گوایە مانگی بینیووە و ڤیدیۆکەش کاردانەوەی لێکەوتەوە و بەشێوەیەکی فراوان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکرایەوە.