سەردێڕ:

عێراق ١٢ باڵیۆزخانە و بنکەی دپلۆماسی خۆی لە وڵاتان دادەخات

فۆتۆ: 
2020-05-23

11675 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، حکومەتی نوێی عێراق بڕیاریداوە، بەشێک لە باڵیۆزخانە و بنکە دپلۆماسییەکانی خۆی لە وڵاتان دابخات. دەشڵێت، "ئەو وڵاتانە دەگرێتەوە کە پەیوەندییەکی هاوبەشیی بەهێزی سیاسی و ئابورییان لەگەڵ عێراقدا نییە."

ئەمڕۆ هەینی، حازم خالیدی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی نەسر بە میدیاکانی عێراقی راگەیاندووە، کە لەسەر راسپاردەی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، وەزارەتی پلاندانانی عێراق خەریکی دانانی پلانێکە بۆ کەمکردنەوەی باڵیۆزخانە، کونسوڵخانە و بنکە دپلۆماسییەکانی خۆی لە وڵاتاندا.

راشیگەیاندووە، هۆکاری کەمکردنەوەی باڵیۆزخانە و کونسوڵخانە و بنکە دپلۆماسییەکانی عێراق لە وڵاتان بەهۆی کورتهێنانی بودجەی گشتی عێراقەوەیە و بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکانی حکومەتە.

باسی لەوەشکردووە، عێراق باڵیۆزخانە و کونسوڵخانە و بنکە دپلۆماسییەکانی لەو وڵاتانەدا دادەخات کە پەیوەندییەکی بەهێزی سیاسی و ئابوری لەگەڵیاندا نییە.

ئەو وڵاتانەى کە عێراق بازرگانیان لەگەڵدەکات و باڵیۆزخانەیان لە بەغدا هەیە، باڵیۆزەکانیان لە حزبە عێراقییەکانن، وەک ئەمریکا، روسیا، تورکیا، ئێران و چین بەڵام بەشێک لە باڵیۆزە کوردەکان کە سەر بە حزبە کوردییەکانن لەو وڵاتانە باڵیۆزن کە عێراق پەیوەندىیەکی بەهێزی بازرگانى و دپلۆماسى لەگەڵیاندا نییە، بۆ نموونە وەک وڵاتی پرتوگال.