سەردێڕ:

کەرکوک.. چیرۆکی ئەو سێ منداڵەی دایکیان بەجێیهێشتوون

فۆتۆ: 
2020-05-23

9045 جار خوێندراوەتەوە

ئیناس و ئیخڵاس و نرجس،  ئەو سێ کچەن کە تەمەنیان سێ، پێنج و شەش ساڵانن، پێش نیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممەی رابردوو، دایکیان لە تەنیشت دادگای کەرکوک بەجێیان دەهێڵێت و دەڕوات، دواتر هاوڵاتیان دەیدەن بە پۆلیس و دادوەریش بڕیار دەدات هەتا یەکلاییبوونەوەی چارەنوسیان لە ماڵی ئەنجومەنی گەڕەکی خاسەی دوو بمێننەوە.

چیرۆکی ئەم منداڵانە کاتێک دەستپێدەکات لەگەڵ دایک و باوک و خێزانەکەی کۆچ دەکەن بەرەو تورکیا و خۆیان ڕادەستی یوئێن دەکەن، دواتر دەزگای هەواڵگری تورکیا باوکی منداڵەکان بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ داعش دەستگیردەکات و ڕەوانە عێراقی دەکاتەوە، ئێستا باوکیان سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە و لە پارێزگای ناسڕیە زیندانیکراوە .

دایکی ئەم منداڵانە کەتەمەنی تەنیا ۲۳ ساڵە  بە بیانوی نەبوونی توانای دارایی منداڵەکانی بە جێهێشتووە، هەر پاش بڵاوبوونەوەی وێنەی منداڵەکان لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکانیش ئەم ژنە خۆی وەکو داپیرەیان ناساندووە و داوای وەرگرتنەوەیان دەکات، لە ئێستاشدا سەرقاڵی تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکانە بۆ وەرگرتنەوەی .

هاوکات، سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ لە‌پەرلەمانی عێراق لەکاتی سەردانی منداڵەکاندا باسی لەوەکرد، لە شاری کەرکوک شوێنێک نیە بۆ داڵدەدانی منداڵانی بێ سەرپەرشت و ئەوەی هەیە تەنیا خانەیەکە بۆ بەخێوکردنی هەتیوانی کوڕ .

جەنگی داعش دەیان چیرۆکی لەبیرنەکراوی لە هزری خەڵکیدا بەجێهێشت، بەڵام ئێستا و پاش نزیکەی سێ ساڵ لە ڕاگەیاندنی کۆتایی هاتنی داعش، هێشتا قوربانیانی دەستی ئەو ڕێکخراوە بەردەوامی هەیە. چیرۆکی ئەم سێ کچەش کە خەڵکی قەزای دۆری پارێزگای سەڵاحەدینن، یەکێکە لەو چیرۆکانەی رەنگە بۆهەمیشە کاریگەری لەسەر دەروونی ئەومنداڵانە بمێنێتەوە.