سەردێڕ:

نوێترین زانیاری لەبارەی ناردنی ٤٠٠ ملیارەکەی بەغدا

فۆتۆ: 
2020-05-22

79700 جار خوێندراوەتەوە

سەرچاوەیەک رایگەیاند، کازمی واژۆی لەسەر خەرجکردنی بڕی ٤٠٠ ملیار دینارەکە کردووە و دوای دابەشکردنی موچەی سەرجەم وەزارەتەکانی عێراق، بەغدا ئەو بڕە پارەیە بۆ هەرێم دەنێرێت.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دانوستانەکانی هەولێر و بەغدا بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق واژۆی لەسەر خەرجکردنی بڕی ئەو ٤٠٠ ملیار دینارە کردووە بەڵام ناردنی ئەو بڕە پارەیە دەکەوێتە دوای دابەشکردنی موچەی سەرجەم وەزارەتەکانی عێراق.

ئەو سەرچاوەیە راشیگەیاند، هەر ئەمڕۆ، حکومەتی عێراق بانکی رەشیدی ئاگادارکردووەتەوە تا دەست بە دابەشکردنی موچەی وەزارەتەکانی بکات.

ئاماژەی بەوەشکرد، خودی مستەفا کازمی و بەرپرسانی وەزارەتی دارایی عێراق رایانگەیاندووە، لەگەڵ تەواوبوونی پرۆسەی دابەشکردنی موچەی وەزارەتەکانی عێراق، بڕی ٤٠٠ ملیار دینارەکە بۆ هەرێم دەنێرن.

لە ماوەی رابردوودا، حکومەتی عێراق رایگەیاند، هیچ کێشەیەک بۆ دابەشکردنی موچەی مانگی ئایاری موچەخۆرانی وەزارەتەکانی حکومەتی فیدراڵ دروستنابێت و هەوڵدەدەن پێش جەژن دابەشیبکەن.

لە چەند رۆژی رابردوودا، مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بەڵێنی بە هەرێمی کوردستان دا کە بۆ موچەی مانگی نیسانی موچەخۆران، بڕی ٤٠٠ ملیار دینار بنێرێت.

لە ناوەڕاستی مانگی ئازاری ئەمساڵدا، ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە نوسراوی فەڕمی و بەهۆی رادەستنەکردنی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێم بە بەغدا، پارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق راگرت (بلۆک) کرد و رێگە بە هەرێم نادرێت ئەو پارەیە بۆ دابەشکردنی موچە بەکاربهێنێت و بەو هۆیەوە دابەشکردنی موچە دواکەوتووە.

بەهۆی رادەستنەکردنی ئەو بڕە نەوتەی هەرێم بە بەغدا کە لە کۆتایی ساڵی رابڕدوودا لەسەری رێککەوتبوون، حکومەتی عێراق ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی راگرتووە، لە چەند ڕۆژی رابڕدووشدا دوو شاندی هەرێم بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسە سەردانی بەغدای کرد.

ئومێد محەمەد، بەغدا