سەردێڕ:

هەرێم.. وادەی ڕەتکردنەوەی موچەی خانەنشینی پەرلەمانتاران دیاریکرا

فۆتۆ: 
2020-05-22

2730 جار خوێندراوەتەوە

پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، پەرلەمانتارانی خولی پێنجەم و خولەکانی ديکە، کە دەیانەوێت ئارەزوومەندانە دەستبەرداری موچەی خانەنشینی بن، دەتوانن لە يەکی تەمووزەوە داواکاری پێشکەشبکەن.

 لە گشتاندنێکدا کە ڕۆژی ٢١ی ئەم مانگە دەرچووە و ئیمزای ئەردەڵان محەمەد سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستانی لەسەرە، ئاماژە بۆ ئەوە کراوە لە يەکی مووزەوە بۆ ماوەی ٣٠ ڕۆژ ئەو پەرلەمانتارانەی موچەی خانەنشینی ڕەتدەکەنەوە دەتوانن سەردانی سەرۆکایەتی دیوانی پەرلەمان بکەن، بە مەبەستی وەرگرتنی ڕێوشوێنی یاسایی و ڕەتکردنەوەی موچەکەیان.

١٩ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، هەر یەکە لە کازم فاروق، کاوە عەبدولقادر، سیپان سالم ئامێدى، مژدە مەحمود، پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ، نووسراوێکى فەرمیان لە ڕێگەى دیوانى سەرۆکایەتى پەرلەمانەوە بەرزکردەوە و تیایدا بە فەرمى موچەى خانەنشینیى پەرلەمانتارییان رەتکردەوە.

ڕۆژی ١٦ی کانوونی دووەمی، یاسای چاکسازیی لە خانەنشینی موچە و دەرماڵە، بە دەنگی ٨٩ پەرلەمانتار لە پەرلەمانی کوردستان پەسەندکرا و لە ناو دانیشتنی پەرلەماندا بەهۆی پێداگری لەسەر دیاریکردنی کەمترین موچەی خانەنشین و نەهێشتنی خانەنشینی پلە باڵا گرژی دروستبوو.

هەر ئەو کات، فراکسیۆنی نەوەی نوێ داوایکرد موچەی خانەنشی پلەباڵاکان نەمینێت و کەمترین موچەی خانەنشینی فەرمانبەرانی ئاسایی لە ٥٠٠ هەزار کەمتر نەبێت، دواتریش بەهۆی جێبەجێنەکردنی پێشنیارەکانیانەوە دانیشتنەکەی پەرلەمانیان بەجێهێشت.