سەردێڕ:

هەرێم.. پارتی و یەکێتی چەکدارانی داعش رادەستی بەغدا دەکەنەوە

فۆتۆ: 
2020-05-22

10191 جار خوێندراوەتەوە

پرسی رادەستکردنی ژمارەیەک چەکداری داعش لە لایەن یەکێتیەوە بە حکومەتی عێراق، بووە بە مایەی سەرکۆنەکردنی یەکێتی لە لایەن پارتیەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە لە دوو ساڵی رابردوودا پارتی بە سەدان چەکداری بەندکراوی داعشی رادەستی بەغدا کردبووەوە.

سەبارەت بە رادەستکردنی ژمارەیەک بەندکراو لە لایەن یەکێتیەوە بە حکومەتی عێراق، ئەنجومەنی سەرکردایەتی کەرکوک – گەرمیانی پارتی لە راگەیەنراوێکدا باسی لەوەکردووە ئەوان و حکومەتی هەرێم ئاگاداری ئەوە نەبوون کە یەکێتی گرتوخانەی نهێنی هەیە و ئەو گیراوانەی لەلا بووە.

راشیگەیاندووە، ناکرێت کەمتەرخەمی بەرامبەر ئەوە بکرێت کە حزبێک لە سەرووی یاسا و لە سەرووی دەزگا دادوەرییە فەرمییەکانی هەرێم بێت. هەروەها نابێت هیچ حزبێک گرتووخانەی نهێنیی هەبێت و بەبێ رێکاری دادوەریی روون و فەرمی هاوڵاتیانیان تێدا زیندانیبکرێن.

وێڕاى ئەو پلار و تانە و رەخنانەى کە ئەندامان و لایەنگرانى پارتى دیموکراتى کوردستان لەڕێگەى سۆشیال میدیا و میدیاکانى ترەوە لەیەکێتى دەگرن سەبارەت بە رادەستکردنەوەى چەند چەکدارێکى داعش بە بەغدا، بەڵام ئەو کارەى یەکێتى بەرادەستکردنەوەى ئەو چەکدارانە یەکەم کارى لەو جۆرە نییە، بەڵکو پێشتر پارتى دیموکراتى کوردستانیش نزیکەى ١٤٠٠ چەکدارى داعشى رادەستى حکومەتى عێراق کردووەتەوە.

 پرۆسەى رادەستکردنەوەى چەکدارانى داعش بە عێراق، کە لە ساڵى ٢٠١٨ و بە دیاریکراوى لەمانگى ١٠ی ئەو ساڵەوە دەستىپێکردووە و لەکاتى خۆیشیدا کەناڵى عەرەبییە هەواڵەکەى بڵاوکردووەتەوە، سەرەتا نزیکەى ١٤٠٠ چەکدارى دەستگیرکراوى داعش لە زیندانەکانى هەولێر و دهۆک و لەڕێگەى لیژنەیەکى هاوبەشى نێوان حکومەتى عێراق و حکومەتى هەرێم رادەستکرانەوە، بەڵام ئەم پرۆسەیە لەئێستادا کراوەتە کارتێکى ململانێ سیاسییەکانى نێوان پارتى و یەکێتى لە کوردستان، چونکە لەچەند رۆژى رابردوودا، یەکێتیش چەند چەکدارێکى داعشى رادەستى حکومەتى عێراق کردەوە.

بەگوێرەى ئەو راپۆرتە نێودەوڵەتیانە بێت کە تیمەکانى لێکۆڵینەوەى نێودەوڵەتى سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان لەعێراق بۆ ئەنجومەنى ئاسایشیان بەرزکردووەتەوە، تیمە نێودەوڵەتییەکان بەچەندین رێگە هاوکارى حکومەتى عێراق دەکەن تا لەڕێگەى ئەو بەڵگانەى لەبەردەستدان، کەش و هەوایەکى گونجاو بڕەخسێنن تا بەغدا بتوانێت ئەو چەکدارانەى داعش دادگایی بکات کە لەزیندانەکانى عێراق و هەرێمى کوردستاندا ماون.

 بەدرێژایى شەڕى دژى داعش، لە ٢٠١٤وە تا تێکشکانى ئەو رێکخراوە لە دواپێگەیاندا لە موسڵ، بە هەزاران چەکدارى ئەو رێکخراوە لەلایەن هێزەکانى پێشمەرگە و سوپاى عێراق و حەشدى شەعبیەوە بە دیل گیران و بەسەدانى تریش خۆیان رادەستکردن، ئەو چەکدارانەى کە رەگەزنامەى وڵاتێکى تریان هەبوو، لەلایەن عێراقەوە داوایان لێکرا چەکدارەکانیان ببەنەوە و ئەوانەشى عێراقى بوون، بەتایبەت ئەوانەى گومانى بەرپرسیاریەتیان لێدەکرێت لە دەوڵەتەکەى داعشدا یاخود ئەنجامدانى کردەى تیرۆریستى، لەزیندانەکاندا هێڵرانەوە تا لەلایەن دادگا تایبەتمەندەکانى عێراقەوە دادگایى بکرێن.

پرۆسەى رادەستکردنەوەى چەکدارانى داعش بە بەغدا، نیگەرانیى لاى بەشێک لە هاوڵاتیان دروستکردووە بەو پێیەى بەشێکى هاوڵاتیان پێیانوایە کە ئەو چەکدارانە لەبەغدا رەنگە ئازاد بکرێن و سەرلەنوێ دەستبەکارى توندوتیژى بکەنەوە، بەڵام بە بڕواى شارەزایانى یاسایى پرۆسەکانى رادەستکردنەوەى چەکداران بە بەغدا پرۆسەیەکى یاساییە و پێویستە هەموو ئەو چەکدارانەى داعش کە لە زیندانەکانى عێراق و هەرێمى کوردستاندان، بەپێى بەڵگەکانى بەردەست و ئەو تاوانانەى پێى تۆمەتباردەکرێن، لەلایەن دادگا باڵا و تایبەتمەندەکانى عێراقەوە دادگایى بکرێن و سزاى یاسایى خۆیان وەربگرن، کە هەموو پرۆسەکانى دادگاییکردنی ئەو چەکدارانە لەعێراق بە هاوکارى و ئاگادارى تیمە نێودەوڵەتیەکان بەڕێوەدەچێت.