سەردێڕ:

وەزارەتی دارایی: تا ئێستا ٤٠٠ ملیار دینارەکەی بەغدا نەگەیشتووە

فۆتۆ: 
2020-05-22

42607 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دارایی رایگەیاند، ئەگەرچی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاریداوە بڕی ٤٠٠ ملیار دینار بۆ هەرێم بنێرێت، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتووە. دەشڵێت، "بڕیاربووە پێش جەژن پارەکەی بەغدا بگات."

ئەمشەو، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، "سەڕەڕای ئەوەی سەرۆک وەزیرانی عێراق رەزامەندی دا لەسەر ناردنی بڕی ٤٠٠ ملیار دینار وەک بەشێک لە موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کە بڕیار بوو بەر لە جەژن بگاتە دەستی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان، بەڵام بۆ ئاگاداری هەموو لایەک تا ئێستا ئەو بڕە پارەیە نەگەیشتووە."

راشیگەیاند، "وێڕای سەختی باری دارایی و کەمبوونی داهاتی هەرێم بە رێژەیەکی  زۆر، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەو داهاتەی لە بەردەستە لە فرۆشتنی نەوت و داهاتی ناوخۆ و قەرزکردنەوە، موچەی سەرجەم موچەخۆرانمان بەر لە جەژنی رەمەزان دابەشکرد."

دوێنێ چوارشەممە، مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بەڵێنی بە هەرێمی کوردستان دا کە بۆ موچەی مانگی نیسانی موچەخۆران، بڕی ٤٠٠ ملیار دینار بنێرێت.