سەردێڕ:

پەرلەمانی عێراق: کازمی وەزیرە گەندەڵەکانی کابینەی پێشوو دادگایی دەکات

فۆتۆ: 
2020-05-21

6036 جار خوێندراوەتەوە

جێگری یەكەمی سەرۆكی پەڕلەمانی عیراق ڕایگەیاند، كە كاری لەپێشینەی حكومەتەكەی مستەفا كازمی، دادگاییكردنی وەزیرەکانی کابینەکەی عادل عەبدولمەهدیە كە لە دۆسێی گەندەڵییەوە تێوەگلاون.

حەسەن كەعبی، جێگری یەكەمی سەرۆكی پەڕلەمانی عیراق بە ڕۆژنامەی سەباحی ڕاگەیاندووە، جگە لە دۆسیەی ئەمنی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و كۆكردنەوەی چەك لە دەستی دەوڵەتدا، كاری لە پێشینەی حكومەت بۆ قۆناغی داهاتوو سەرنج خستنەسەر چاكسازی ئیداریی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دارایی دەبێت.

باسی لەوەشکردووە، كاری لەپێشینەی حكومەت لە ماوەی داهاتوودا دادگاییكردنی ئەو وەزیرانەی حكومەتی پێشووە، كە دۆسێی گەندەڵییان لەسەر تۆماركراوە.

حەسەن كەعبی ڕاشیگەیاندووە، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا وەزیرە گەندەڵەكان دەرەنجامی گەندەڵییەكانی خۆیان دەبینن و ڕوبەڕوی دادگا و دەستەی دەستپاكی دەكرێنەوە.

پشتریش مستەفا کازمی ڕایگەیاندبوو، لە گرنگترین خاڵه‌كانی كارنامه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی، ئەنجامدانی چاكسازی ریشەیی و روبەڕوبوونەوەی گەندەڵییه‌ لە عێراق، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش لیژنەیەکی پێکهێناوە.