سەردێڕ:

وەزیری دارایی عێراق وەکو نێردەی کازمی بەرەو سعودیە بەڕێکەوت

فۆتۆ: 
2020-05-21

2608 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری دارایی عێراق وەکو نێردەی سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکەی بەرەو سعودیە بەڕێکەوت و وابڕیارە چەندین بابەتی تایبەت بە دۆخی ئابوری ناوچەکە لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتەدا تاوتوێبکات.

میدیاکانی عێراق بڵاویانکردەوە، عەلی عەلاوی، وەزیری دارایی عێراق لەسەر راسپاردەی سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکەی بەرەو وڵاتی سعودیە بەڕێکەوتووە و جگە لە دۆخی ئابوری ناوچەکە، وابڕیارە گفتوگۆی دەستپێکردنەوەی قۆناغێکی دیکەی وەبەرهێنانی دوولایەنە لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتەدا بکات.

ئاماژە بەوەشکراوە، لە سەردانەکەیدا، وەزیری دارایی عێراق بە نوێنەرایەتی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی نوێی وڵاتەکەی هەوڵی بونیادنانەوەی پەیوەندییەکانی عێراق و سعودیە دەدات.

لە ماوەی رابردوودا، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و کەمبوونەوەی پێویستیی سوتەمەنی لە جیهاندا، نرخی نەوتی خاو بۆ کەمترین ئاستی خۆی دابەزی و بەوەش، کورتهێنان لە بودجەی مانگانە و ساڵانەی عێراقدا.

هەر لەماوەی رابردوودا، بە بڕیارێکی رێکخراوی ئۆپیک کە سعودیە سەرپەرشتی کرد و وڵاتانی دەرەوەی رێکخراوەکە، بەرهەمهێنانی نەوت بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمکرایەوە.

بەوپێیەی، وەزیری دارایی عێراق بەشێوەیەکی کاتیی وەزارەتی نەوتیش بەڕێوەدەبات، پێدەچێت سەردانەکەشی هەر لەو چوارچێوەیەدا بێت و هەوڵی دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بدەن.