سەردێڕ:

حکومەتی عێراق قۆناغی سێیەمی دابەشکردنی پارەی هاوکاریی راگەیاند

فۆتۆ: 
2020-05-21

7141 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق، قۆناغی سێهەمی پێدانی موچەی هاوکاریی کۆمەڵایەتی ڕاگەیاند و جەختیشیکردەوە، پێش هاتنی جەژنی ڕەمەزان ملیونێک و ٣٠٠ هەزار خێزان لە هەموو پارێزگاکانی عێراق، جگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، لەو هاوکارییە سودمەند دەبن.

وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق، لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویکردەوە، عادل رکابی، وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق فەرمانی کردووە پێش هاتنی جەژنی ڕەمەزان، موچەی هاوکاریی کۆمەڵایەتی خانەوادە هەژارەکان دابەشبکرێت.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، بڕیارە قۆناغی سێیەمی پێدانی موچەی هاوکاریی کۆمەڵایەتی بەسەر ئەو خێزانانەدا دابەشبکرێت، کە بەهۆی قەیرانی ئابوری و بڵاوبونەوەی پەتای کۆرۆنا دوچاری بارێکی ناهەمواری بژێوی ژیان بوونەتەوە.

هاوکات عادل ڕکابی، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکی دیکەدا وتی، ژمارەی ئەو خێزانانەی کە لەم قۆناغەدا ئەو موچەیە دەیانگرێتەوە مەزەندە دەکرێن بە ملیۆنێک و ٣٠٠ هەزار خێزان کە هەموو پارێزگاکانی عێراق دەگرێتەوە، تەنها پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان نەبێت.

وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو گوژمەییەی کە تەرخانکراوە بۆ پێدانی موچەی کۆمەڵایەتی ئەو خێزانە هەژارانە ٣٩٠ ملیار دینارە.