سەردێڕ:

وەزیری ناوخۆ: لە جەژندا هێزە ئەمنییەکان لەسەر شەقامەکان دەبن

فۆتۆ: 
2020-05-21

39174 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری ناوخۆی هەرێم ڕایگەیاند، دەبێت لە ڕۆژانی جەژندا هاوڵاتیان پابەندی قەدەغەی هاتوچۆ بن، چونکە هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش و پێشمەرگە لەسەر شەقامەکان دەبن و هەرکەس پابەندی رێکارەکان نەبێت لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت.

ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێم لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنوسیدا ڕایگەیاند، بەهۆی زوو دەستپێکردنی ڕێکارەکانی خۆپارێزییەوە، هەرێمی کوردستان سەرکەوت بەسەر کۆرۆنادا، بەڵام بۆ ئەوەی سەرکەوتنی یەکجاری بەدەستبهێنین دەبێت هاوڵاتیان پابەند بن بە ڕێنماییەکانی تەندروستییەوە.

وتیشی، مەترسیی كۆرۆنا لەسەر کوردستان ماوە و دەشبێت هەڵوەستە لەسەر تۆمارکردنی حاڵەتی نوێی توشبوون بە ڤایرۆسەکە لە هەولێر و سلێمانی بکرێت.

داواشی لە هاوڵاتیان کرد کە لە ڕۆژانی جەژندا پابەندی بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆبن، چونكە هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش و پێشمەرگە لەسەر شەقامەکان بڵاوەیان پێدەکرێت بۆ ڕێگریکردن لە هاتوچۆی هاوڵاتیان.

ڕۆژى ١٨ى ئەم مانگە وەزارەتی ناوخۆی هەرێم رایگەیاند، لە یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانەوە قەدەغەی هاتوچۆی تەواو بۆ ماوەی ٧٢ کاتژمێر لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێم و ئیدارە سەربەخۆکاندا جێبەجێدەکرێت.