سەردێڕ:

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بەڵێنەکانی کازمی بۆ هەرێم ئاشکرادەکات

فۆتۆ: 
2020-05-20

30174 جار خوێندراوەتەوە

بەشیر حەداد ئەو بەڵێنانەی کازمی بە هەرێمی داوە ئاشکراکرد و باس لەوەدەکات، کازمی بەڵێنی داوە بە چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، لە نێوانیاندا پارەی موچەخۆرانی هەرێم.

ئەمڕۆ چوارشەممە، بەشیر حەداد جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە روونکردنەوەیەکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، "بەمزووانە شاندێکی هەرێم بەرەو بەغدا بەڕێدەکەوێت، بە مەبەستی تەواوکردنی گفتوگۆکان و تاوتوێکردنی ئەو دەرئەنجامانەی کە لیژنەکانی نێوانیان پێی گەیشتوون."

باسی لەوەشکردووە، "کازمی بەڵێنی داوە بە چارەسەرکردنی سەرجەم کێشە و گرفتەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، لە نێوانیشیاندا موچەی موچەخۆرانی هەرێم."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئومێدمان بەوە هەیە کە کازمی پارەی موچەخۆرانی هەرێم بەر لە جەژنی رەمەزان دەنێرێت."

ئەوەش لە کاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ ئەندامێکی شاندی دانوستانکاری هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاریداوە بڕی ٣٨٠ بۆ ٤٠٠ ملیار وەکو پارەی موچەی مانگی نیسان بۆ هەرێم بنێرێت و باسی لەوەشکردبوو، بڕی پارەکە لە مانگەکانی پێشوو کەمترە.