سەردێڕ:

نوێترین زانیاری لەبارەی ناردنی پارەی موچە لە بەغداوە

فۆتۆ: 
2020-05-20

38878 جار خوێندراوەتەوە

سەرچاوەیەک لە حکومەتی هەرێم رایگەیاند، بڕیاری ناردنی بڕی ٤٠٠ ملیار دینار لەلایەن بەغداوە تا ئێستا نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و پارە بۆ هەرێم نەنێردراوە.

ئەو سەرچاوەیەى حکومەتی هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، مستەفا کازمی بە شێوەیەکی مەبدەئی رەزامەندی لەسەر ناردنی بڕی ٤٠٠ ملیار دینار وەکو پارەی موچە بۆ موچەخۆرانى هەرێم دەربڕیوە، بەڵام تا ئێستا بڕیارەکە جێبەجێ نەکراوە.

لەلایەکی دیکەوە، کازم نامیق بەڕێوەبەری لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، تا ئێستا بە فەرمی هیچ بڕیارێکیان لەلایەن بەغداوە بۆ خەرجکردنی ئەو پارەیە پێنەگەشتووە و لەکاتی گەیشتنی رەزامەندیدا بە ماوەیەکی کەم بڕی پارەکە دەخەنە سەر هەژماری حکومەتی هەرێم.

ئەمڕۆ، ئەندامێکی شاندی دانوستانکاری هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاریداوە بڕی ٤٠٠ ملیار وەکو پارەی موچەی مانگی نیسان بۆ هەرێم بنێرێت.

بڕیاری ناردنی پارە لە کاتێکدایە، لە ناوەڕاستی مانگی ئازاری ئەمساڵدا، ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە نوسراوی فەرمی و بەهۆی رادەستنەکردنی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێم بە بەغدا، پارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق راگرت (بلۆک) کرد، رێگە بە هەرێم نادرێت ئەو پارەیە بۆ دابەشکردنی موچە بەکاربهێنێت و بەو هۆیەوە دابەشکردنی موچە دواکەوتووە.

بەهۆی رادەستنەکردنی ئەو بڕە نەوتەی هەرێم بە بەغدا کە لە کۆتایی ساڵی رابڕدوودا لەسەری رێککەوتبوون، حکومەتی عێراق ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی راگرتووە، لە چەند ڕۆژی رابڕدووشدا دوو شاندی هەرێم بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسە سەردانی بەغدای کرد و بە بێ هیچ رێککەوتنێک گەڕانەوە هەرێمی کوردستان.

هێرش قادر- هەولێر