سەردێڕ:

وەزارەتی دارایی کاتی دابەشکردنی موچەی خانەنشینی راگەیاند

فۆتۆ: 
2020-05-20

26342 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاند، سبەی و دووسبەى موچەی مانگی یەکی ئەمساڵی خانەنشینى سەربازى و شارستانى دابەشدەکرێت.

وەزارەتی دارایی و ئابورى حکومەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، سبەی پێنجشەممە، ٢١ی ئایاری ٢٠٢٠، موچەی مانگی یەکی ئەمساڵی خانەنشینى سەربازى و ڕۆژانى هەینى ٢٢ ى ئایار و شەممە ٢٣ ى ئایار موچەی خانەنشینى شارستانى دابەشدەکرێت.

ئەو موچەی دابەشدەکرێت موچەی مانگی یەکی ئەمساڵە و لە چەند رۆژی رابردووشدا، وەزارەتی دارایی موچەی چەند وەزارەتێکی دابەشکرد و راشیگەیاند، بەپێی ئەو توانا داراییەی ئێستا لە بەردەستدایە، موچە دابەشدەکەن.

لە ناوەڕاستی مانگی ئازاری ئەمساڵدا، ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە نوسراوی فەرمی و بەهۆی رادەستنەکردنی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێم بە بەغدا، پارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق راگرت (بلۆک) کرد، رێگە بە هەرێم نادرێت ئەو پارەیە بۆ دابەشکردنی موچە بەکاربهێنێت و بەو هۆیەوە دابەشکردنی موچە دواکەوتووە.

بەهۆی رادەستنەکردنی ئەو بڕە نەوتەی هەرێم بە بەغدا کە لە کۆتایی ساڵی رابڕدوودا لەسەری رێککەوتبوون، حکومەتی عێراق ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی راگرتووە، لە چەند ڕۆژی رابڕدووشدا دوو شاندی هەرێم بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسە سەردانی بەغدای کرد و بە بێ هیچ رێککەوتنێک گەڕانەوە هەرێمی کوردستان.

هێرش قادر، هەولێر