سەردێڕ:

ملیۆنان پەیوەندى تەلەفۆنى سەرکردە و چەکدارەکانیان دەبنە بەڵگەى تاوانەکانى داعش

فۆتۆ: 
2020-05-20

6942 جار خوێندراوەتەوە

ملیۆنان کەس لەعێراق و سوریا، پێویستیان بە بەڵگە نییە بۆ زانینى تاوانەکانى داعش لەکاتى کۆنترۆڵکردنى ناوچەیەکى فراوان لەهەردوو وڵاتدا، چونکە ئەوان لەنێو دۆزەخى ژێر دەسەڵاتیاندا ژیاون و بەچاوى خۆیان تاوانەکانیان بینیوە، سەدان کەسیان لە کەسوکارو هاوڕێ و خۆشەویستانیان لەدەستداوە، بەڵام دەستکەوتنى بەڵگە بۆ پرۆسەى دادگاییکرنى بەشێک لەبەرپرسانى ئەو رێکخراوە گرنگە کە لەئێستا لەزیندانە جیاوازەکانى عێراق و سوریا و بەڕێوەبەرایەتیە خۆجێییەکانى رۆژئاواى کوردستان و باشوورى کوردستاندان.

زیاتر لە دوو ملیۆن تۆمارى تەلەفۆنیى:

تیمێکى تایبەتى سەر بەنەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند کە پێشکەوتنێکى بەرچاویان لە کۆکردنەوەى بەڵگە سەبارەت بە تاوانەکانى داعش لە عێراقدا بەدەستهێناوە، کە لەنێویاندا زیاتر لە دوو ملیۆن تۆمارى دەنگیى پەیوەندیى تەلەفۆنى تێدایە، ئەمەش دەبێتە پشتیوانێکى بەهێز دژى تاوانبارانى داعش، بەتایبەتى دژى کەمینەى ئێزیدى لەساڵى ٢٠١٤دا.

تیمەکە ئەوەشى راگەیاندووە کە لێکۆڵینەوەکانیان سەبارەت بەپرۆسەى کۆمەڵکوژیى خوێندکاران و سەربازانى ئەکادیمیاى فڕۆکەوانیى تکریت لە تەمموزى ٢٠١٤دا، پێشکەوتنى زۆرى بەخۆوە بینیوە، هەروەها پێشکەوتنى بەرچاو هەیە سەبارەت بەهەموو ئەو تاوانانەى کە داعش لەنێوان ساڵانى ٢٠١٤ تا ٢٠١٦ لەموسڵ ئەنجامى داون.

لەراپۆرتێکدا بۆ ئەنجومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى، تیمى لێکۆڵێنەوەکە رایگەیاندوە کە لەگەڵ حکومەتى عێراق بەردەوام دەبن سەبارەت بەو یاسایانەى کە رێگە بەوڵاتەکە دەدات بۆ دادگایکردنى سەرانى داعش بەرامبەر ئەو تاوانەکانى جەنگ و تاوانى دژى مرۆڤایەتى و ئەو کۆمەڵکوژیانەى کە ئەنجامیانداوە.

هەر لەو راپۆرتەدا هاتووە کە لەشەش مانگى داهاتوودا، تیمەکە لەگەڵ حکومەتى عێراقیدا کاردەکات بۆ سوود وەرگرتن لەم دەرفەتە بەمەبەستى دەستپێکردنى رێوشوێنە ناوخۆییەکانى لێپرسینەوە لەسەر بنەماى ئەو بەڵگانەى کە تیمەکە کۆى کردوونەتەوە.

جموجوڵى شانە نوستووەکانى داعش لەهەڵکشاندایە:

پێش سێ رۆژ لەئێستا، هێزە عێراقیەکان ئۆپراسیۆنى (شێرەکانى جەزیرە)یان دەستپێکرد بەمەبەستى کێوماڵکردنى بیابانەکانى جەزیرە لەباکورى پارێزگاى ئەنبار و باشوورى پارێزگاى نەینەوا و رۆژئاواى پارێزگاى سەڵاحەدین تا دەگاتە سنوورى نێودەوڵەتى عێراق لەگەڵ سوریا.

بەپێى ئەو راگەیەندراوەى کە فەرماندەى پرۆسە هاوبەشەکان لەعێراق رایگەیاندووە، ئۆپراسیۆنەکە چەندین ناوچە دەگرێتەوە، کە ماوەیەکە جموجۆڵى شانە نووستوەکانى داعش تیایدا سەریهەڵداوەتەوە و چەندین چالاکیان تیادا ئەنجامداوە.

لە سوریاش، لەچەند رۆژى رابردوودا جموجۆڵى چەکدارانى داعش بەشێوەیەکى بەرچاو زیادى کردووە، بەپێى ئەو زانیارییانەى کە روانگەى سورى بۆ مافەکانى مرۆڤ رایگەیاندووە، لە ماوەى سێ رۆژى رابردوودا چەکدارانى داعش ١١ کەسیان گوللـەباران کردووە کە زۆرینەیان چەکدارى سەر بە رژێمى ئەسەد بوون.

روانگەى سورى بۆ مافەکانى مرۆڤ ئاماژەى بەوەکردووە کە داعش ئەو چەکدارانەى سەر بە رژێمى ئەسەدى لە دەشتەکانى پارێزگاى دێرزۆر گوللـەباران کردووە و تەرمەکانیشیانى لەسەر رێگەى نێوان دێرزۆر و دیمەشقى پایتەخت، لەباشوورى رۆژئاواى پارێزگاى دێرزۆر فڕێداوە.