سەردێڕ:

وەزارەتی پەروەردە چەند بڕیارێکی نوێی دەرکرد

فۆتۆ: 
2020-05-20

125755 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی پەروەردە رایگەیاند، داشکاندنی کرێی خوێندنی قوتابخانە و پەیمانگا ناحکومییەکان پەیوەندی بە نرخی خوێندنی قوتابخانەکانەوە نییە و پێویستە پابەندی بڕیارەکە بن.

ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی پەروەردە لە راگەیاندراوێکدا چەند بڕیارێکی لەبارەی داشکاندنی کرێی خوێندنی قوتابخانە و پەیمانگا ناحکومییەکان بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، "پاش فەرمانی وەزاری ژمارە ٦۱ لە رێکەوتی ۱۱ی ٥ی ۲۰۲۰، پێویستە پابەندی ئەم خاڵانە بن، بە پێچەوانەوە هەر قوتابخانە و پەیمانگایەک سەرپێچی بکات، جیا لە سزای دارایی، ڕێگای پێنادرێت بۆساڵی خوێندنی ئایندە قوتابی وەربگرێت".

دەقی بڕیارەکان:

۱ـ داشکاندنی ۱۰٪ پەیوەندی نیە بەوەی نرخی خوێندنتان چۆن ڕاگەیاندووە لە سەرەتای ساڵەوە، کێبرکێی نرخ، یان هەستکردن بەبەرپرسیارێتی خۆتان وای کردبێت نرخی ئەمساڵتان لە ساڵی رابردوو جیاواز بێت یان کەمتر بێت، ئەوە ناگەیەنێت کە ئەم داشکاندنە نەکەن .

۲ـ نابێت بە هیج خانەوادەیەک بوترێت کە منداڵی یەکەم شمولی داشکاندن دەکات و منداڵەکانی دیکەت شمول ناکات، چونکە ئەمە پەیوەندی بە داشکاندنەوە نییە، ئۆفەری ساڵانەی خۆتانە و ناچێتە خانەی داشکاندنەوە.

۳ـ بەهیچ جۆرێک نابێت داوا لە مامۆستایانی ناحکومی بکرێت لەپای داشکاندنی نرخی خوێندن هەمان رێژە لە موچەکانیان ببردرێت، فەرمانی وەزاری رونە کە دەبێت موچەی مامۆستایان وەک خۆیان بدرێت .

٤ـ پارەی نانخواردن و گواستنەوە بۆ سێ مانگی ئاماژە پێکراو بە روونی باسی لێوەکراوە، پێویستە وەک خۆی جێبەجێبکرێت .

لە ١١ی ئەم مانگەدا، وەزارەتی پەروەردە بڕیاریدا بەوەی بە ڕێژەی ٪١٠ لە کرێی خوێندنی قوتابخانە و پەیمانگا ناحکومییەکان خۆشببێت.