سەردێڕ:

ترەمپ: زۆری توشبووانی کۆرۆنا لە وڵاتەکەمدا جێگەی شانازييە

فۆتۆ: 
2020-05-20

4843 جار خوێندراوەتەوە

ژمارەی توشبووان بە ڤايرۆسی کۆرۆنا لە جيهاندا لە پێنج مليۆن کەس نزيک دەبێتەوە و سەرۆکی ئەمريکاش دەڵێت، زۆری توشبووان لە وڵاتەکەيدا جێگەی شانازييە و بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە  زۆرترين پشکنينيان کردووە.

بەپێی سەرچاوە تەندروستييەکانی ئەمريکا، تا ئێستا زياتر لە ١٢ مليۆن و ٦٠٠ هەزار پشکنينی کۆرۆنا کراوە لەو ژمارەيەش زياتر لە مليۆنێک و ٥٧٠ هەزار کەس توشبوون و ٩٣ هەزار و ٥٠٠ کەسيش گيانيان لەدەستداوە.

هاوکات، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمريکا ڕايگەياند، تۆمارکردنی زۆرترين ژمارەی توشبووان لە وڵاتەکەيدا بە شتێکی خراپ نابينێت و نيشانەی ئەوەيە زۆرترين پشکنينيان کردووە لەچاو وڵاتانی ديکەدا.

لە وڵاتی ڕوسياش تا ئێستا زياتر لە حەوت مليۆن پشکنين کراوە و ژمارەی توشبوان گەيشتووەتە نزيکەی ٣٠٠ هەزار کەس و تا ئێستاش زياتر لە دوو هەزار و ٨٠٠ کەس گيانيان لەدەستداوە.

لە ئێستاشدا بڵاوبونەوەی کۆرۆنا لە بەڕازيل ڕوو لە زيادبوونە و ژمارەی توشبووان گەيشتووەتە زياتر لە ٢٧١ هەزار کەس و گيانلەدەستدانيش نزيکەی ١٨ هەزار کەسە.