سەردێڕ:

عێراق.. بەهۆی جەژنەوە یەک هەفتە پشوو راگەیەندرا

فۆتۆ: 
2020-05-19

46462 جار خوێندراوەتەوە

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بەبۆنەی جەژنی رەمەزانەوە بڕیاریدا، لە رۆژی یەکشەممەی هەفتەی داهاتووەوە تاوەکو رۆژی پێنجشەممەی هەمان هەفتە، پشووی فەڕمی بێت لە وڵاتەکەدا. هاوکات، قەدەغەی هاتوچۆی تەواویش دەبێت.

ئەمشەو، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، رۆژەکانی پشووی جەژنی رەمەزان لە رۆژی یەکشەممە، ٢٤ی ئایارەوە تاوەکو پێنجشەممە، ٢٨ی ئایار دەبێت و بەوەش، چونکە لەدوای پێنجشەممەش پشووی ئاسایی فەرمانگەکانی دەوڵەتە، ئەوا یەک هەفتە پشوو دەبێت.

باسی لەوەشکردووە، لە رۆژانی پشووی جەژندا، قەدەغەی هاتوچۆی تەواو دەبێت.

دوێنێش، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزانەوە قەدەغەی هاتوچۆی تەواو بۆ ماوەی ٧٢ کاتژمێر لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێم و ئیدارە سەربەخۆکاندا جێبەجێدەکرێت.

مەراسیمی جەژنی رەمەزانی ئەمساڵ بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە جیاواز لە ساڵانی دیکە دەبێت و رێگەی هاتوچۆ بە هاوڵاتیان نادرێت.