سەردێڕ:

وەزارەتی دارایی: پارە هەبێت پێنجشەممە موچەی خانەنشینان دابەشدەکەین

فۆتۆ: 
2020-05-19

27191 جار خوێندراوەتەوە

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی رایگەیاند، هیچ بڕیارێکی فەڕمی بۆ دابەشکردنی موچەی خانەنشینان نییە، دەشڵێت، ئەگەر پارەی پێوست لەبەردەستدا بێت رۆژی پێنجشەممە موچەکەیان دابەشدەکرێت.

ئەمڕۆ سێشەممە، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لیستی موچەی مانگی یەکی سەرجەم وەزارەتەکان راگەیەندراوە و تەنیا دابەشکردنی موچەی خانەنشینان ماوە رابگەیەندرێت.

ئەو سەرچاوەیە راشیگەیاند، ئەگەر پارەی پێویست لەبەردەست بیت تاوەکو رۆژی پێنجشەممە موچەکەیان دابەشدەکرێت و ئەگەر تا پێنجشەممە دابەشنەکرێت ئەوە دەکەوێتە دوای جەژنی رەمەزان.

بڕیارە سبەینێ موچەی مانگی یەکی حەوت وەزارەت و هەشت دەستە و سەرۆکایەتی پەرلەمان و هەرێم و ئەنجومەنی ئاسایش دابەشبکرێت.

لە ناوەڕاستی مانگی ئازاری ئەمساڵدا، ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە نوسراوی فەرمی و بەهۆی رادەستنەکردنی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێم بە بەغدا، پارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق راگرت (بلۆک) کرد، رێگە بە هەرێم نادرێت ئەو پارەیە بۆ دابەشکردنی موچە بەکاربهێنێت و بەو هۆیەوە دابەشکردنی موچە دواکەوتووە.

بەهۆی رادەستنەکردنی ئەو بڕە نەوتەی هەرێم بە بەغدا کە لە کۆتایی ساڵی رابڕدوودا لەسەری رێککەوتبوون، حکومەتی عێراق ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی راگرتووە، لە چەند ڕۆژی رابڕدووشدا دوو شاندی هەرێم بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسە سەردانی بەغدای کرد و بە بێ هیچ رێککەوتنێک گەڕانەوە هەرێمی کوردستان.