سەردێڕ:

زانیاریی نێودەوڵەتی؛ لە عێراقدا بە هێلیکۆپتەر هاوکاریی داعش دەکرێت

وێنەکە پەیوەندی بە زانیارییەکانەوە نییە
فۆتۆ: ئەرشیف
2020-05-19

26174 جار خوێندراوەتەوە

باڵیۆزی لیژنەی نێودەوڵەتی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رایگەیاند، زانیارییان پێگەیشتووە، کە لە رێگەی فڕۆکەی بارهەڵگر و هێلیکۆپتەرەوە، لە ناوچەکانی هەریەک لە پارێزگاکانی سەڵاحەدین، موسڵ و دیالەوە هاوکاریی چەکدارانی داعش دەکرێت.

هەیسەم ئەبو سەعید، باڵیۆزی لیژنەی نێودەوڵەتی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شەفەق نیوزی راگەیاندووە، سەرباری هاوکاری ئاسمانیی چەکدارانی داعش، هاوکات، لایەنە نێودەوڵەتییەکانیش رێگەی هاتوچۆیان لە سنوری نێوان عێراق – سوریادا بۆ ئاسانکردوون.

راشیگەیاند، لیژنەی نێودەوڵەتی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست – ئۆفیسی بەغدایان نیگەرانە لەبارەی ئەو زانیارییانەوە کە باس لە هەبوونی بەڵگەی هاوکاریکردنی چەکدارانی داعش لە هەریەک لە سەڵاحەدین، موسڵ و دیالەوە و لە رێگەی فڕۆکەی بارهەڵگر و هێلیکۆپتەرەوە دەکەن.

باسی لەوەشکردووە، سەرجەم ئەو راپۆرتانەی رەوانەی نەتەوەیەکگرتووەکان کردووە کە باس لە هاوکاریکردنی چەکدارانی داعش دەکەن و تێیدا، بە دیاریکراوی جەختی لەوەکردووەتەوە، لە پاش ئەوەی لایەنە نێودەوڵەتییەکان رێگای هاتوچۆی ئەو چەکدارانەیان لە سنوری نێوان عێراق – سوریا ئاسانکردووەتەوە، ئەوا هێشتا گروپە تەکفیرییەکانی وەکو داعش کۆتاییان نەهاتووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، گەڕانەوەی تیرۆر بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خزمەت بە هیچ وڵاتێک ناکات و پێویستە هەمووان لەبارەی دژایەتیکردنی تیرۆریستانەوە کۆکبن.

ماوەی چەند مانگێکە جموجوڵی چەکدارانی داعش لە موسڵ و سەڵاحەدین و دیالەدا بە چڕی دەستیپێکردووەتەوە و هێزە عێراقییەکان دەکەنە ئامانج.